کەنەکە لە ڕۆژی زمانی كوردی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کۆمیسیۆنی زمان، کەلتور و پەروەردەی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى رۆژی جەژنی زمانی کوردییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند" زمانمان ناسنامەمانە و جەژنی زمانی کوردیی پیرۆز کرد".

 

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان- كەنەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی پیرۆز دەکات و دەڵێت" سەدان ساڵە گەلی کورد لەپێناو مانەوە و بوونی خۆی، خەبات و تێکۆشانێکی بێ هاوتا دەکات، لەم پرۆسەیەی تێکۆشاندا سەنگەری پاراستنی زمان هەموو سات و کاتێک سەرمەشقی ئەرکەکانی بووە".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا کەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" داگیرکەران بە ئامانجی لەناوبردن و پەراوێزخستنی کوردان لە بژاڤتنی زمانەکەی دەستیان پێکردووە و بە پلانگەلی لەناوبردن و ئاسیمیلەکردن وەکو ماکینەیەکی کاریگەر و دژواریان بەکارهێناوە. لە سایەی سەری بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و قوربانیان و پێشڕەوانی، دایکە پەروەردەکار و دڵسۆزانی زمان و چاندی کوردی ئەو هەوڵانەی داگیرکەر و دوژماننیان خستە ژێر گڵەوە. زمانی شیرینی کوردی لەناو شەرت و مەرجگەلێکیی سەخت و دژواردا بەرخۆدان و خۆڕاگریەکی مەزنی کرد و بە درێژایی ئەو مێژووە توانی لە سەرپێی خۆی بوەستێ و نەکەوێ".

 

هاوکات کەنەکە بە پێویستی دەزانێت کە گەلی كورد بە هەستیاری و بەرپرسیارییەوە یەکبگرن، لەپێناو پاراستنیدا، ئەو کات داگیرکەران رێبدەن یان نا، پێویست و ئەرکێکی لە پێشینەیە کە خەڵکی لە ناو ماڵەکانیان لە کوچە و کۆڵانەکان، لە گفتوگۆکانیاندا رۆژانە و لە هەموو بوارەکانی ژیان دا زمانی کوردی بەکاربێنن.

 

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانەوە هەموو ساڵێك رۆژانی ١٤و ١٥ و ١٦ ی ئایار وەك جەژن و ڕۆژی زمانی كوردیی دیاریكرد و لەلایەن هەموو سازی و دەزگا و رێكخستنە كوردستانیەكان و گەلی كورد پەسەند كرا.




PM:12:27:15/05/2020