وەزارەتی تەندروستی: نۆ تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند" نۆ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا".

 

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد" لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، نۆ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران".

 

لەبارەی تووشبووەکان تەندروستی هەرێم دەڵێت" تووشبووەکان بریتین لە پێنج پیاو و دوو ئافرەت و کچ و کوڕێکی گەنج، یەکێکیان لە گەشتی دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و شەش لەوان بەرکەوتووی تووشبووانی ڕۆژانی پێشوون و دوو تووشبووی دیکەی نوێ نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان هەیە".

 
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند" هەشت لە تووشبووەکان دانیشتووی شاری سلێمانین و توشبووەکەی تر دانیشتووی ناحیەی بازیانە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند" لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو هیچ توشبوویەک تۆمارنەکراوە".

بەپێی ئامارەکانی تەندروستی هەرێم لە ئێستادا ٢٥ نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا هەن.



PM:10:25:17/05/2020