لە بارەی شەهیدبوونی ٥ گەریلا لە سەفرە، یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بۆ دەستی "خیانەت" دەکات

فەرمانداریی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK دەربارەی شەهیدبوونی ٥ گەریلا لەنزیک گوندی سەفرە لە شارباژێڕی باکوری شاری سلێمانی ئاماژە بۆ دەستی " خیانەت " دەکات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر و ئەو دەستولایەنە ئاشکرا بکات کە " خیانەتی " کردووە.

 
فەرمانداریی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK، لە راگەیەندراوێک بۆ " رای گشتی "  کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە " لە هەمبەر دەسکەوتی گەلی کورد، دەوڵەتانی داگیرکەر بەردەوام خەریکی هێرش و قڕکردنن. بەتایبەت دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک هێرشی نرخ و دەسکەوتی تەڤگەری ئازادیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات. ئامانجی دەوڵەتی دژە مرۆڤی تورکیە تەسلیم گرتن و لە ناوبردنی هەموو کوردانە و بە بێ جیاوازیی لە باکور، باشور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات درێژە بە دەست درێژییەکانی خۆی دەدات. مخابن ئەو داگیرکاریانە بە یارمەتی و لە رێگەی کوردی خائنەوە پێک دێنیت".


لەو راگەیاندنەدا باس لەوەش کراوە کە"لەو چوارچێوەیەدا شەوی  ٢٦ی مەی رێکەوت لە گەڵ جۆزەردان کاتژمێر ١١ و ٤٥ دەقە، لە کاتێکدا دوو هەڤاڵمان لە گەڵ سێ وڵاتپارێز کە بۆ میوانی سەردانی هەڤاڵانی ئێمەیان کردبوو، لە نێو ماشینێکی مەدەنی دا، لە هەرێمی ئاسۆس لە نێو گوندی سەفرە، بە کوردینەی فڕۆکەی سیخۆڕی دەکەونە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورک و هەر پێنج شەهید دەبن. ئەو رووداوە جارێکی تر سەلماندی کە بە بێ هەبوونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی و کارەساتی لەو چەشنە رووبدات. لەو هێرشەدا دوو رێ هەڤاڵمان بە ناوەکانی رێباز سنە و زنار بروسک شەهید دەکەون هەر وەها ناسنامەی ئەو سێ وڵاتپارێزە لە داهاتوودا بۆ رای گشتی رادەگەینین".


فەرمانداریی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییدا دەڵێن" ژیان و تێکۆشانی ئەو گەریلایانە ئاشکرا دەکات و لە کۆتایشدا دەڵێن" ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان YRK  بۆ شەهید زنار و شەهید رێباز و هەر سێ شەهیدی تر سەرەتا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و هەموو گەلی کورد دەکەین و لە کەسایەتی ئەواندا یادی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادیی بەرز رادەگرین. بەڵێن ئەدەین کە تۆڵەی شەهیدان بە بەدیهێنانی ئامانج و ئارەزووەکانیان کە ئازادی گەل و نیشتمانە بسێنین و تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر بکەین".

 


PM:03:42:29/05/2020