وەزیری ناوخۆ: قەدەغەی هاتووچۆی نێوان شارەکان بەردەوام دەبێت

وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند" قەدەغەی هاتووچۆی نێوان شارەكان و قەدەغەی هاتووچۆ لەگەڵ شارەكانی دیكەی عێراق بەهەمانشێوە بەردەوام دەبێت".

 

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسی ئیدارەكان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ژمارەیەكی بەرچاو لەوانەی ە چەند رۆژی رابردوو تووشی ڤایرۆسەكە بوون دۆخی تەندروستیان خراپە، ئەگەر ئیجراتەکان چڕنەکەینەوە، ژمارەی مردن بەشێوەیەک زیاد دەکات راگەیاندن فریای بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکان ناکەوێت".

 

وتیشی" بەرپرسیارێتی ئاسانکارییەکان دەکەوێتە ئەستۆی پارێزگارەکان و پێویستە لەکاتی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان ئیجرائاتی توند بکەن".

وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند" داوامان لە پارێزگارەکان و داواکاری گشتی کردوە، هەرکەسێک لێدوان دژی قەدەغەی هاتوچۆ بدات ڕیکاری یاسایی بەرامبەر بگرنە بەر".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێکتەرانەی ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بریتن لە عەلوەکان و دوکانی سەوزە و میوەکان و جوتیاران و فڕنی سەمون و نانەواکانە.

 

وەزیری ناوخۆ دەشڵێت" قەدەغەی هاتووچۆی نێوان شارەكان بەهەمانشێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت و قەدەغەی هاتووچۆ لەگەڵ شارەكانی دیكەی عێراق بەهەمانشێوە بەردەوام دەبێت". 

 




PM:03:29:02/06/2020