پزیشکانی مانگرتوو پەیامێکیان بڵاوکردەوە

پزیشکانی مانگرتوو ڕایدەگەیەونن" بایکۆتی نەخۆشخانەکانمان کردوە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانمان، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە تاکە سەرچاوەی داهاتمان بریتییە لەو مووچەیە، بۆیە داوا لە بەشێک لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و سەرۆک بەشەکان دەکەین نەبنە دژمان و نابەرپرسیارانە هەڵسوکەوت نەکەن". 

 

پزیشکانی مانگرتوو لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان لە پەیامێکدا دەڵێن" وەک ئاگادارن لە ٦ی٦ی٢٠٢٠تەوە، بایکۆتی نەخۆشخانەکانمان کردوە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانمان، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە تاکە سەرچاوەی داهاتمان بریتییە لەو مووچەیە جیاواز لە پزیشکانی پسپۆڕ". 

کارمەندان و پزیشکانی مانگرتوو راشیانگەیاندووە" لە کاتێکدا ژیانی خۆمان و کەسووکارمان بە بارێکی ئابووری سەختدا تێپەڕ دەبێت و لە وەها ژینگەیەکدا ناتوانین بەردەوامی بدەین بە پرۆسەی فێربوون لە سەنتەری نەخۆشخانەکان، بە ناچاری بایکۆتی دەواممان کردووە". 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر لەو ڕووانگەیەشەوە لە ئامۆژگارییەکانی سەروو خۆمانمان ڕووانییوە لە پزیشکانی پسپۆڕ و سەرۆک بەش و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان کە هەمیشە داوای بەردەوامیدانتان کردووە بە خوێندن سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان، بەڵام لە ئێستادا بەداخەوە هەندێک دەستەواژە و شێوازی مامەڵەکردن دەبینین لەگەڵماندا کە نەک لەم بارودۆخە سەختەدا باری سەرشانمان سوک ناکەن بەڵکو گرانتری دەکات، بۆیە ناچارین ئەم ئاگادارکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە.

کارمەندان و پزیشکانی مانگرتوو جەختیان لەوەشکردووەتەوە، سەرەڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ زۆربەی زۆری بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکان بۆ تێگەیشتنیان لە باروودۆخمان بەڵام داوا لە بەشێکی کەمی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و سەرۆک بەشەکان دەکەین کە وەک لەم بارودۆخەدا هاودەنگ نین لەگەڵمان و لەبەر شوێنکاری ئیدارییان ناتوانن بە ئاشکرا پاڵپشتیمان بکەن و ئێمەش لەو ڕوانگەوە لە بابەتەکە گەیشتووین بەڵام با نەبنە دژمان و نابەرپرسیارانە هەڵسوکەوت نەکەن لە کاتێکدا ئێمە فشار دەکەین بۆ وەرگرتنی مافی ئەوان بەخۆمانەوە بەڵام بە داخێکی زۆرەوە کەوتوونەتە هەڕەشە و گووڕەشە لە پزیشکانی هاوپیشەیان، بۆیە داوایان لێدەکەین کۆتا جاریان بێت ئەو هەڵوێستانە بنوێنن و بە پێچەوانەوە گۆڕینی ئەوان دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە داواکاری مووچەی ئەم مانگەمان و تکادەکەین ناچارمان نەکەن بەو کارە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو رۆژە بەشێک لە پزیشکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، مانگرتنیان راگەیاندووە و شوێنی کارەکانیان جێهێشتووە.



PM:05:26:07/06/2020