توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی له‌ خاكی هه‌رێمی کوردستان راگه‌یاند

سوپای توركیا كوژرانی سەربازێكی وڵاتەکەی لە ناو خاکی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ سەربازێکی تورکیا لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە خاکی کوردستاندا بریندار بوو، پاشان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.

 

هاوکات، وەزارەتەکە شوێنی رووبەرووبوونەوەکەی دیاری نەکردووە، لەکاتێکدا رۆژی هەینیش سەربازێکی دیکە کوژرا.

 

لە شەوی‌ ١٤ی‌ ئەم مانگەدا فڕۆکە جەنگییەکانی‌ تورکیا ٨١ ئامانجیان لە چەند ناوچەیەک بۆردومانکرد، لە رۆژی‌ ١٧ی‌ ئەم مانگەشدا وەزارەتی‌ بەرگری‌ تورکیا رایگەیاند" هێزێکی‌ کۆماندۆی‌ سوپای‌ وڵاتەکەی‌ هاتوونەتە ناوچەی‌ حەفتانین بۆ هێرشکردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە".

 
 
 



AM:10:36:22/06/2020