توێژینەوەیەك دەرفەت و رێگرییەكانی رێككەوتنی بەغدا و هەولێر دەخاتە ڕوو

توێژینەوەیەكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی ئەگەرەكان و رێگرییەكانی بەردەم رێككەوتنی هەولێر و بەغدا شی دەكاتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەرجاران بەغدا بەنیازی قۆڵ بەستنی هەولێر بەشە بودجەی هەرێمی راگرتبێت، ئەوا لەسەردەمی كازمیدا پاڵنەرەكە بەپلەی یەكەم كورتهێنانی زۆری بودجەی عێراق و قەیرانی داراییە. 

 

توێژینەوەكە كە "رانانی ئایندەیی ژمارە 5" ی ئەم ناوەندە ئەكادیمییەیە، ئەوە دەخاتەڕوو سەرەتای قەیرانی ئەمدواییە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای 2020 كە هەرێم وای پیشاندا ناتوانێت بە ڕادەستکردنى بڕى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم بە (سۆمۆ) وە پابەند بێت، بەرامبەر بە خەرجکردنى بەشێک لە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم، پاساوەكانیش ئەوەبوون بەغداد له‌ ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ بەشە بودجەی  نه‌ناردوه‌ بۆیه‌ هه‌رێم قه‌رزی كردوه‌ وئەو پارەیەشی ٢٠١٩ ناردوویەتی بەشی موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى نەکردووە.

 

بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەیە لەكاتێكدا هەرێم داوای 400 ملیار دۆلار قەرزی كەڵەكەبووی زیانەكان لە  حكومەتی عێراق دەكات (1963_2018)، زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانى عێراق دەڵێن هەرێم ساڵانە سودمەندە لە بودجە گشتى عێراق بەبێ بەرامبەر، ڕۆژانە بەبێ ڕەزامەندى بەغدا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگاى تورکیاوە دەفرۆشێت، كۆی ئەو زیانانەشی لەعێراقی داوە بە ١٢٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن بە پشت بەستن بەهەندێك لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە. 

 

لێكۆڵینەوەكە باس لەوەش دەكات لە روانگەی هەرێمەوە دانوستانەكان بۆ جێگیركردنی پشکى هەرێمە لە بودجەى گشتى یان ساڵی دارایی ٢٠٢٠، بەڵام لەڕوانگەى حکومەتى بەغداوە ئامانج لە گفتوگۆکان بریتیە لە ناچارکردنى هەولێر بە ڕادەستکردنى ئەو بڕە نەوتەى لە ساڵى ڕابردووەوە لە ئەستۆیەتى و تا ئیستا هیچى رادەستی بەغدا نەكردووە، بەر لەئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێك، ئەمە جگە لە بەشکردنی داهاتى گومرگ و  خاڵە سنورییەکان لەگەڵ ناوەند، ئەمەش بەرامبەر هەر بەشە بودجەیەک دەبێت کە هەرێم لە بودجەى گشتی وەریبگرێت.

 

سەبارەت بەدەرفەت و پاڵنەرەكانی رێككەوتن، لێكۆڵینەوەكەی سەنتەری ئایندەیی ئەوە دەخاتەڕوو، بۆ هەرێمی كوردستان بریتین لە: قەیرانی دارایی، سستی چاكسازی، ناكارایی كابینەی ئێستا، هەڕەشە هەرێمایەتییەكان، هەوڵ بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانیتر. 

 

هەرچی بەغداشە، كابینەی كازمی دەتوانێت كەڵكی لێوەرگرێت بۆ پەیداكردنی پاڵپشتی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەی جێ ناكۆك، یەكلابوونەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە گەورەكانیتر. 

 

بۆ رێگرییەكانیش لێكۆڵینەوەكە قەیرانی دارایی و لێكەوتەكانی كۆرۆنا بەكۆسپ دەداتە قەڵەم لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەكی، باس لەوەش دەكات ئەگەر بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤دا لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی هەژموونی سیاسیی هەولێر بووبێت و دەستبەستنی بووبێت لەڕێی فشاری ئابوورییەوە،  ئەوا ئەمجارە حکومەتی عێراق بەر لە هەرشتێک دەستکوورتییە ئابوورییەکەی پاڵپێوەنەرییەتی بۆ ساردی لەگەڵ هەرێم و دابیننەکردنی شایستە داراییەکانی.

 

بۆ كێشە داراییەكانی عێراقیش لێكۆڵینەوەكە بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە لە نێوان ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ بەغدا بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی زیاتر لە ٣٥ ترلیۆن دیناری نێوخۆیی و١٢ ملیاری دەرەکی قەرز کردووە. هەروەها زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری لە یەدەگی دراوی بیانی بۆ هاوسەنگڕاگرتنی نرخی دینار ڕاکێشاوە. بەدوای ئەوەشدا وێرانكارییەكانی شەڕی داعش بایی نزیكەی 88 ملیار دۆلار خەرجیان هێناوەتە سەری بۆ ئاوەدانكردنەوەو پارەكەش دابین نەكراوە، هەندێک ئاماری بەردەستیش تا ساڵی ٢٠١٦ ئەوە ئاشكرا دەكەن 9 ملیۆن و 400 هەزار كەس پارە و موچە و منحە لە خەزینەی دەوڵەت وەردەگرن، ئەگەر دامەزراندن و گرێبەستە نوێکانی ئەم ساڵانەی پاشتری بخرێتە سەر ڕێژەیەکی زیاد لە پێویستە و بەرخۆرییەکی کوشندەی لەسەر خەزێنەی داهاتی عێراق دەردەخات. 

 

بە گوێرەی هەندێک ڕاپۆرتی ئابووریش، ئاماژە بەوە کراوە، لە بودجەی ٢٠٢٠دا کورتهێنانی بودجەی عیراق خۆی نزیک دەکاتەوە لە ٤٨ ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩دا کورتهێنانەکە تەنها ٢٣ملیار دۆلار بوو.

 

هەرچی سەبارەت بە کۆسپەکانی رێككەوتنیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بە پلەی یەکەم ململانێی نێوان حزبە کوردییەکانە، نەبونی یەکڕاییە لەسەر چۆنێتى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان، هەروەها دابەشبوونی نێوخۆیی حیزبەکان و ململانێی باڵەکانیانە، ئەمە وێڕای قەرزاری و باپەندییە زۆرەکانی هەرێم بەرامبەر کۆمپانیا بیانییەکان، لاوازی هەرێم لە ڕووی نەبوونی زانیاری و ڕوونکاریی(شەفافیەت) لەسەر بڕی ڕاستەقینەی داهات و توانا ئابوورییەکانی خۆی، لەپاڵ نەبونی متمانە بە بەغدا و چارەسەرنەكردنی كێشە دەستورییەكانی تری لەگەڵ هەرێم.

 

لە كۆتاییشدا لێكۆڵینەوەكە دەگاتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەیە ناكۆكییەكان وەك خۆیان بمێننەوە، بە تایبەت کە هەندێک لایەنى هەرێم نایشارنەوە کە پشکە داراییەکانى بەغدا بۆ هەولێر وەک هەلێکى پراگماتى و تاکتیکى دەزانێت، نەک ئامانجێکى ستراتیژى، ئەگەریش هەیە گفتوگۆكام سەر بكەون بگەنە ڕێککەوتنێکى یەکلاکەرەوە، بەتایبەت لەسایەى ئەو دەرفەتانەى بۆ هەردوولا ئاماژەیان بۆ کرا. 


سەنتەری لێکۆڵینەوەى ئایندەیی، سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی ناحكومییە دامەزراوە بۆ سوودی گشتی، مۆڵەتى کارکردنى پێدراوە لە لایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان – عێراق و بارەگاكەی لە سلێمانییە، دوو مانگ جارێكیش گۆڤارێك بەناوی "ئایندەناسی" دەردەكات.

 

سەنتەرەكە پاڵپشتی دەكات لە پرۆسه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى وهاندانی پسپۆر ولێكۆڵه‌ران بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ وبه‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی بایه‌خدارن بۆ پسپۆڕییه‌كانى ئاینه‌ده‌زانى ستراتیژى وسیاسه‌تى گشتى وده‌ره‌كییەوە.



PM:03:13:27/06/2020