دوکانە سوتاوەکانی بازاڕی سیم لە هەولێر نۆژەندەکرێنەوە

پاریزگاری هەولێر رایگەیاند" سه‌رجه‌م ئه‌و دوكانانه‌ی له‌ بازاڕی سیم له‌ گه‌ڕه‌كی كوردستانی شاری هه‌ولێر، رۆژی هه‌ینی رابردوو سووتابوون، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه". 

 

ئەمڕۆ نوسینگەی پارێزگاری‌ هه‌ولێر راگه‌یه‌نراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ بازاڕه‌ سووتاوه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، دوای ئەوەی لەبەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو 2020.7.24 بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سوتا و زیاتر لە 230 دوکان زیانیان پێگەیشت، پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیان لێکەوتوان و دوکاندارانی ئەم بازاڕە سەردانی بازاڕەکەی کرد و لێژنەیەک بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی بازاڕەکە پێکهێنرا بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنکی گونجاو، تا گەیشتنە ئاکامی گفتوگۆکان ئەو بڕیارانە دران:-

1- بۆ یارمەتیدانی کاسبکاران، ئەوانەی لە ئاکامی ئاگرکەتنەوەکە زەرەرمەند بوونە، هەروەها بۆ ئەوەی کار و کاسبی خەڵک نەوەستێت و بتوانن لە کاری ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامبن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی ئەو دوکانانەی کە سوتاون نۆژەن بکرێنەوە.

2- بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و ڕەزامەندی کاسبکاران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوشوێنەی کە دەستنیشان دەکرێت بۆیان، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕەکانی (ئاو، کارەبا، قیڕتاوکردنی شەقامەکانی، سیستەمی بەرگری شارستانی) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.



PM:05:16:28/07/2020