لە هەولێر هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی دەستگیرکرا

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" لە شارۆچکەی عەنکاوە کەسێکیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی بە فیشەک هاوسەرەکەی کوشتووە".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد" دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی هەولێر بە بوونی تەرمێک لە شارۆچکەی عەنکاوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە هەریەک لە بەشی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بەشی پۆلیسی عەنکاوە/ بنکەی پۆلیسی حەدیاب و بنکەی پۆلیسی عەنکاوە پێکهێندرا".

 

پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاند" پاش گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداو، دەرکەوت ئافرەتێک بەناوی (زەینەب)، تەرمەکەی فڕێدراوە لە شارۆچکەی عەنکاوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ، توانرا بە کەمتر لە 7 کاتژمێردا تۆمەتبار بەناوی (ع.س.ن.) دوای چەندین جار بە چەکی کلاشنکۆف دەستڕێژی گوللـەی لە هێزەکانی پۆلیس کرد، بەڵام توانرا دەستگیر بکرێت و دانی نا بەتاوانەکەیدا کە هەڵساوە بە کوشتنی خێزانی خۆی بە گولـلە".

 

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە توانیویانە" تۆمەتبارێكی تر لەم ڕووداوە دەستگیر بكرێت بەناوی (هـ.م.ح.)، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخرا و بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان بەند كران".



PM:02:14:09/08/2020