کەجەکە: هەموو کەس هێرشی سیدەکانی ئیدانە کرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم نەبێت



کۆما جڤاتی کوردستان ناسراو بە کەجەکە رایگەیاند" هەموو کەس ئەو هێرشەی ئیدانە کرد، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی باشووری کوردستان نە ئیدانەی کرد و نە هەڵوێستی لە دژی نیشان دا".

 
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک لە ١١ی ئاب دا بۆ سەر ناوچەی برادۆست راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک راگەیاندنی شەڕە لە دژی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو پارچەکان".


هەروەها کەجەکە پێیوایە " هەموو کەس لە دژی ئەو هێرشانە و هەوڵە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک وەستایەوە و بە توندی ئیدانەی کردن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی باشووری کوردستان نە ئەو هێرشەی کۆماری تورکیای ئیدانە کرد و نە هەڵوێستێکیشی نیشاندا کە ئەو هێرشانە رەتبکاتەوە. بە پێچەوانە راگەیاندراوێکی لەو شێوەیە ئەو هێرشە رەوا نیشان دەدات و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە و وەک ئەوەی مافی پێ بدات هەڵوێستێکی لەو شێوەیەی خستووەتەڕوو. ئێمە دەمانەوێت بڵێین، ئێمە ئەو هەڵوێست و عەقڵیەتە، کە ئەو راگەیاندراوە پشتی پێبەستووە ئیدانە دەکەین. ئەو راگەیاندراوە هیچ پەیوەندیی بە وڵاتپارێزییەوە نییە، هەر لە خۆیدا ئەوە لە بەها ئەخلاقی و ویژدانییەکان ناوەشێتەوە و لەگەڵیشیان نایەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو راگەیاندراوە هیچ پاساوێکی سیاسی، حقوقی و رەوای نییە. ئەو راگەیاندراوە تەنها سوودی بۆ رەواکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەیە".


کەجەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە" حکومەتی باشووری کوردستان لە بریی ئەوەی داوا بکات، کە گەریلا لە خاکی باشووری کوردستان بڕوات دەرەوە، دەبێت لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکاندا لە دژی کۆماری تورکیا هەڵوێست نیشان بدات. ئەوە چاوەڕوانیی گەلەکەمان و دۆستەکانمانە".

 


PM:12:24:13/08/2020