بەهۆی هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی کۆنترۆڵ هاتوچۆی مەرزێک راگیرا

لەمەرزی پشتە سەر بەناحیەی بەمۆ بەهۆی هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی کوالێتی کۆنترۆڵ لەلایەن هەندێک بازرگانەوە، مەرزەکە دادەخرێت.


 محەمەد حەسەن، بەرێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی بە ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیاند "سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ ی ئاب پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی نوسینگەی كۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە دەروازەی سنوری ( پشتە)  لەلایەن هەندێك لە بازرگانانی دیاری كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە هێرش دەکرێتە سەر تاقیگەکانی ئەو نوسینگەیە و زیانێکی زۆر بە کەرەستە و ئامێرەکان دەگەیەنن، ئەمەش وەک کاردانەوەی نارازیبوونیان لەئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستەپلاستیكیە هاوردەكراوەكانیان كە ڕۆژی پێشتر (12) نمونەیان بەهۆی دەرنەچونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی ڕەتكراوەتەوە، بەم هۆیەوە زیانی گەورە بەر نوسینگەی کۆمپانیا کەوتووە و بۆتە هۆی ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی لەدەروازەكە".  


بەرێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی ئەوەشی ختسەڕوو " هەر لەسەرەتای دەستپێكردنمان بە پشكنینی كەرەستەی پلاستیكی بۆمان دەركەوت کە لە هەندێ لە کەرەستە هاوردەکراوەکان بڕێكی زۆر مادەی ژەهراوی وەك (كانزا قورسەكان) بەكاردەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكیەكاندا ئەمەش لەبەر هەرزانی نرخی مادە پێكهینەرەكان بەبێ گوێدانە تەندروستی مرۆڤ و بەرژەوەندی گشتی".

 
محەمەد حەسەن ئەوەشی خستەڕوو کە چەندینجار كۆبونەوەیان لەگەڵ بازرگانان ئەنجامداوە و لە مەترسی ئەو مادە ژەهراویانە ئاگاداریان كردوونەتەوە كە بە تێپەڕبوونی كات هۆكارن بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان و نەخۆشیە مەترسیدارەكانی وەك لەكاركەوتنی گورچیلە و دواكەوتنی گەشەی مناڵ و چەندانی تر".


بەرێوەبەری ئەو کۆمپانیایە دەشڵێت" لەبەرامبەردا هەندێك لە بازرگانان بەبێ گوێدان بەو مەترسیانە بەردەوام بوون لە هاوردەكردنی ئەو كاڵایانە و چەندین جار هەرەشەی ڕاگرتنی كارەكانی كۆمپانیاو ئاڵوگۆڕی بازرگانیان كردووە لە دەروازەكە".


 کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە ساڵی 2017 ەوە دامەزراوە، کاری کوالتی کۆنترۆڵ دەکات لە دەروازە سنورییەكانی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ)كاری پشكنینی تاقیگەیی بۆ سەرجەم شمەكە هاوردەكراوەكان ئەنجام دەدات. 

 


PM:07:10:14/08/2020