وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لە وڵاتەکەی خۆیان بڕوانامەی  (COC)یان بۆکرابێت، بەپێچەوانەوە هەروەک لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتوە رێگەی پێنادرێت بێتەناو هەرێم.


نوسینگەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " سەبارەت بە پشكنینی پێشوەختەی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراو و پێدانی بڕوانامەی  ( COC )، جەخت دەكەنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەكانی بەیانی ژمارە(45)ی ساڵی 2020ی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ، کە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕێگری کردنە لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی خراپ و کوالێتی نزم".


وەزارەتی دارایی ئەوەش دەخاتەڕوو "پشكنینی پێشوەختە تەنها لەو وڵاتە دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکەی لێوە هاوردەکراوە، بەپێچەوانەوە ڕێگا نادەین ئەم جۆرە پشكنینە لە دەروازەكان ئەنجام بدرێت وئۆتۆمبێل بەبێ بروانامەی ( COC ) هاوردەبکرێت".


 وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم باس لەوەش دەکات "ڕای دەگەیەنین سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی ئۆتۆمبێل لەدەروازەكانی هەرێمی کوردستان دەكەن ناڕاستن و دورن لە ڕاستیەوە، هەرکەس هۆكاری بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە بێت، ڕوبەڕوی یاسای دەكەینەوە".
 


PM:08:08:19/08/2020