ئەمڕۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم به‌ڕێوه‌دەچێت

كاردانەوەكان دژی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی مووچە فراوانتر دەبن، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتی دژ بەبارودۆخی ئێستای هەرێم بەڕێوەبچێت.

 

ئەنجومەنی رێكخستن و بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" كه‌ کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ خۆپیشاندان دەستپێدەکات و لە هەولێر خۆپیشاندەران دەچنە بەردەم چایخانەی مەچکۆ لەبەردەم قەڵا و لە سلێمانی دەچنە پارکی ئازادی، لە دهۆکیش دەچنە بەردەم پارکی نەورۆز و لە هەڵەبجە دەچنە بەردەم فولکەی عومەری خاوەر". 

رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەش باس لەوەدەکەن، كه‌ بڕیاریشە لە سەرجەم  قەزا و ناحیەکاندا خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت ده‌ڵێن" ئەم خۆپیشاندانە سەرتاسەرییە دوا پەیامی‌ هاوڵاتیانە بۆ دەسەڵات و پەیامی‌ ناڕەزایی فەرمانبەرانە بەرامبەر خورانی‌ مافەکانیان".

 

١٢ی ئەم مانگە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو،  ئەنجومەنی رێكخستن و بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكانیش لە راگەیەندراوێكیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و كۆمسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد. 



PM:12:54:22/08/2020