مه‌سرور بارزانی: سوتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان تاوانه‌

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی خۆپیشاندانەکاندەوە رایگەیاند" خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافی هاووڵاتییانە و سووتاندنی موڵکی گشتی دەچێتە خانەی تاوانەوە". 

 

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی پارێزگاکەیان تاوتوێ کردوە و  سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە" ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر".

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قوڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاوڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا. 

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە: ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاوڵاتییانە، بەڵام سوتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاوڵاتییان  دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر. 

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کرا، کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (توەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات، هەردو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان، بەردی بناغەی ھەردو پڕۆژەکە دادەنرێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: دۆخی تەندروستی سنوری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بون.



PM:02:08:23/08/2020