مه‌سروور بارزانی‌: لە ماوەی ١٣ مانگی کابینەکەمدا ١٢ مووچه‌ دابه‌ش كراوه‌

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" لە ماوەی تەمەنی کابینەکەیدا کە ١٣ مانگە، ١٢ مووچەیان دابەشکردووە".

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ میدیای بەشێك لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" کابینەی نۆیەم کە ماوەی ١٣ مانگە دەستبەکاربووە، لەو ماوەیەدا ١٢ موچەی دابەشکردوە و سێ موچەی بە قەرز لە کابینەی هەشتەم بۆ بەجێماوە کە ئەوە یەکێک لە هەڵەکان بووە و حکومەتی هەرێم تەنها لە دوو مانگی رابردودا وەک "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی داراییدا، بڕیاری لێبڕینی موچەی بەڕێژی ٢١%ی دەرکردوە"، هەوڵەکانیش لەگەڵ بەغدا بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی لە پرسی موچەدا چڕکردوەتەوە".

 

لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد: ئێمە لە ناوچەیەکداین پڕیەتی لە کێشە، هەروەها هاوڕا نیم لەسەر ئەوەی کە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەن خەڵکێکی ئیرادەی بەهێزە، بەڵام گەورەترین کێشە بۆ کوردستان گەورەترین کێشە بۆ کوردستان دووبەرەکی و ناتەباییە.

 

مەسرور بارزانی، باسی لەوەشکرد: کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنیا موچە نییە و چوار پرسی سەرەکی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکەین، پرسی وزە، بودجە، پێشمەرگە و ناوچە دابڕاوەکان ئەو بابەتە سەرەکییانەن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوتوێیان دەکەین. 

سەبارەت بە پرسی چاكسازی وتی" پرسی چاکسازی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدایە و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی باشیان ناوە، لەوانەش نەهێشتنی رۆتینات و گەندەڵی لە دامودەزگاکانی حکومەت تا رادەیەکی زۆر، هەروەها رێگریکردن لە وەرگرتنی بەرتیل و رێکخستنەوەی کاتی دەوامی فەرمانبەران، بەڵام بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا و دروستبونی قەیرانێکی گەورە کە دەستکردی حکومەت نەبوە، وایکرد پڕۆسەی چاکسازی سست بکات، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و داهاتی ناوخۆش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان".

 

دووپاتیشیکردەوە: ئەگەر حکومەتى عێراق پابەند بێت بە دابینکردنى بڕە موچەى هەرێم، ئەو کاتە حکومەتى هەرێم دەتوانێت موچە وەکو خۆى بەبێ لێبڕین دابەش بکات.



PM:11:28:24/08/2020