دوو پەرلەمانتار داوا لە کازمی دەکەن چاودێری ئەو پارەیە بکات کە بۆ هەرێمی دەنێرێت

دوو پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە نامەیەکدا داوا لە مستەفا كازمی دەكەن" چاودێرییەکی وردی ئەو پارەیە بکەن کە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانی دەکەن کە دەبێت تەنیا بۆ مووچە بەکاربھێنرێت".

 

هەردوو پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد، لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقیان كردووە دەڵێن" پشتیوانی ھەر ھەوڵێکتان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق چیتر ئەم بابەتە وەک کارتی سیاسی بەکارنەھێنرێت لەلایەن ھێزە حوکمرانەکانی ھەرێم، فەرمانبەرانی ھەرێم ھاووڵاتی عێراقین و ئەرکی ئێوەیە مافەکانیان بپارێزن و مووچەکانیان دابین بکەن".

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە" سەبارەت بەرێکەوتنەکەشت لەگەڵ حکومەتی ھەرێم کە لە مانگی هەشت لەساڵی ٢٠٢٠ كرا بۆ ناردنی برێك پارە بۆهەرێمی کوردستان، دەمانەوێت پێتان رابگەیەنین کە سەرەڕای ناردنی ٣٢٠ ملیار دینار لەلایەن بەغدادەوە، بەڵام حکومەتی ھەرێم ھێشتا لە کاتی خۆیدا مووچە دابەش ناکات و ھەروەھا مووچەکەش بە لێبرینی ٢١٪‏ دابەشدەکرێت، لە کاتێکدا بەڵگەی تەواو لەبەردەستە کە داھاتی ناوخۆ و نەوت و خاڵە سنورییەکان لەگەڵ ئەو پارەیەی لە بەغداد دێت بەشی مووچە دەکات بەبێ لێبرین".

 

لەنامەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا بۆ کازمی هاتووە" داواتان لێدەکەین کە چاودێرییەکی وردی ئەو پارەیە بکەن کە رەوانەی ھەرێمی کوردستانی دەکەن، کە دەبێت تەنیا بۆ موچە بەکاربھێنرێت، ھەروەھا دیوانی چاودێری فیدراڵی رابسپێرن بۆ وردبینی تەواوی داھاتی ناوخۆ". 

 

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرە و چارەسەركردنى کێشەکان رێککەوتن و ٣٢٠ ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم رەوانەکرا.



PM:10:50:27/08/2020