مەلا بەختیار لەسەر سووتانی باخەکانی خەمزە داوای لێبووردن دەکات

دوای ئەوەی میدیاکان باسی سووتانی باخەکانی خەمزەیان کرد بەهۆی تەقەی کوڕی بەرپرسێکەوە، ئەمڕۆ ئەو بەرپرسە خۆی ئاشکراکرد کە مەلا بەختیارەو داوای لێبوردن لە خەڵکی گوندە دەکات.

 

مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی سووتانی باخەکانی خەمزە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات" ھەفتەی ڕابوردوو، ھەروەکو پەیتا پەیتا، لە پاوان و شاخەکانی کوردستان، بە ھەر ھۆیەکەوە بووبێ، ئاگر دەکەوێتەوە، ئاگر لە پاوان و ھەندێک ڕەز و باخی خەڵکی دڵسۆزی خەمزە کەوتووەتەوە، خزمانی خەمزە، جەخت دەکەنەوە کە مەفرەزەیەکی ئێمە چەکی تاقی کردووەتەوە و ھۆکاری ڕووداوەکەیە. ناوی کوڕی منیش خراوەتە ناوانەوە".

 

باسی لەوەشکردووە: من.. دەڵێم: کوڕەکەی من و مەفرزەکەی منیش ھۆکار نەبووبن لە ڕووداوەکە، منیش ھەر بە خەتای ئەوانی دەزانم، خەڵکی خەمزە مافی خۆیانە بەرگریی لە موڵک و حاڵی خۆیان بکەن. بەندە لەو کەسانەم باش باش دەزانم کە خەڵکی خەمزە و دەوروبەری چەند جوامێر و دڵسۆزی شۆڕش بوون و ھەن.

 

ڕاشیگەیاندووە" داوای لێبووردنیان لێ دەکەم،ڕاگەیاندنی نەیار و کینەلەدڵەکانیش با تێبگەن، ئەم کێشەیە بە نەخشە و پیلان نەبووە، قەتیش لە مناڵ و مەفرەزەی من نەوەشاوەتەوە، بۆ ڕاو، یان ڕاو و ڕووت، کاری ناپەسەندیان کردبێ. ئەمە ھەڵەیەکە و چارەسەرکردنی، ھەرچییەکی پێویست بێ ئامادەم". 

 
دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار:

 

داوای لێبووردن لە خزمانی خەمزە

 

مەلا بەختیار

 

ھەفتەی ڕابوردوو، ھەروەکو پەیتا پەیتا، لە پاوان و شاخەکانی کوردستان، بە ھەر ھۆیەکەوە بووبێ، ئاگر دەکەوێتەوە، ئاگر لە پاوان و ھەندێک ڕەز و باخی خەڵکی دڵسۆزی خەمزە کەوتووەتەوە، خزمانی خەمزە، جەخت دەکەنەوە کە مەفرەزەیەکی ئێمە چەکی تاقی کردووەتەوە و ھۆکاری ڕووداوەکەیە. ناوی کوڕی منیش خراوەتە ناوانەوە.

 

من.. دەڵێم: کوڕەکەی من و مەفرزەکەی منیش ھۆکار نەبووبن لە ڕووداوەکە، منیش ھەر بە خەتای ئەوانی دەزانم، خەڵکی خەمزە مافی خۆیانە بەرگریی لە موڵک و حاڵی خۆیان بکەن. بەندە لەو کەسانەم باش باش دەزانم کە خەڵکی خەمزە و دەوروبەری چەند جوامێر و دڵسۆزی شۆڕش بوون و ھەن.

 

داوای لێبووردنیان لێ دەکەم.. ڕاگەیاندنی نەیار و کینەلەدڵەکانیش با تێبگەن،  ئەم کێشەیە بە نەخشە و پیلان نەبووە.. قەتیش لە مناڵ و مەفرەزەی من نەوەشاوەتەوە، بۆ ڕاو، یان ڕاو و ڕووت، کاری ناپەسەندیان کردبێ. ئەمە ھەڵەیەکە و چارەسەرکردنی، ھەرچییەکی پێویست بێ ئامادەم.. بەڵام ئەو کینەلەدڵانەی کێشەکەیان گەورە کرد.. با سەیری خۆیان بکەن.. لە گەندەڵی.. لە زەوی داگیرکردن.. لە زوڵم و ستەمکردن لە خەڵک، لە بێسەروشوێنکردنی کەسانی بێ گوناح.. لەوپەڕی ڕەفتاری ناشرینی.. چی دەکەن و چییان بە خەڵک کردووە.. ئینجا قسە لەسەر کێشەی وا بکەن.. کوردستان تاڵان کراوە. کوردستان کراوەتە گەندەڵستان.. بەھەزار پۆلیسی دارستانەکان، ناتوانن ڕێگە لە بەرپرسە ڕاوچییەکان بگرن.. ڕەوە ئاسک و ڕەوە حەیوانە کێوی و ڕەوە کەروێشک و پۆلە کەو.. قەڵاچۆ نەکەن.. سەدان ھەزار دۆنمی دارستان و لەوەڕستان و کێوەکانیش بەتاڵان براون.. بەداخەوە.. نەیار و کینەلەدڵەکان لە دارستاندا.. درەختێک دەبینن سوتاوە، بەڵام تاڵانکردنی دارستانی کوردستان نابینن.
ئەوەی بۆ من مایەی نیگەرانییە.. تەنھا ئەوەیە.. خەڵکی خەمزە.. دڵگران بوون.. چونکە خەڵکەکەی جارانی خەمزە باش دەزانن، ئەوپەڕی ھەوڵم داوە لە ژیانی پێشمەرگایەتی و مەدەنیدا.. مەفرەزەکەمان و مناڵەکانم.. لە خزمەتی خەڵکدا بن.. لەگەڵ ڕێزم.

 

دیسان داوای لێبووردن لە خەڵکی خەمزەی بەشەرەف دەکەم، پشتیوانیشیان لێ دەکەم ھەر داخوازییەکیان لە حکومەت ھەبێ.. یان لە خۆم..



PM:02:28:29/08/2020