لە یادی موحەرەمدا
کازمی پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیە گەورەکان راگەیاند


سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بەبۆنەی ١٠ ی موحەرەمەوە رایگەیاند "بڕیارمانداوە لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوە پێكبهێندرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی گەورە و تاوانی نائاسایی، هەمو دەسەڵاتێكیشی بەو لیژنەیە دەبەخشرێت بەمەبەستی جێبەجێكردنی یاسا و گەڕاندنەوەی مافی دەوڵەت و هاوڵاتی لە گەندەڵكاران"، ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد ئەو لیژنەیە پەیوەندی بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە دەبێت.


لەو وتارەدا کە لەرێگای تەلەفزیۆنەوە پەخشکرا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت چەک بە دەست دەوڵەتەوە بێت و، رێگانادەن لەدەرەوەی دەوڵەت چەک هەبێت. 




سەرۆک وەزیران ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، قۆناغی یەكەمی پابەندبونی بەبەڵێنەكان حكومەت بەلێكۆڵینەوە لەڕاستییەكان لەبارەی ڕوداوەكانی مانگی تشرینی یەكەم دەستیپێكردوە و قوربانیەكان وەك شەهید هەژماركراون و بكەرانی روداوەكانیش رادەستی یاسا دەكرێن".




جارێکی تر کازمی پشتیوانیشی بۆ خۆپیشاندان دەربڕی و رایگەیاند" پشتیوانی لەئازادی ڕادەربڕین دەكەن و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی عێراق ڕێچكەی چاكسازی و چاكسازییە، لە جێبەجێكردنی یاسا دو دڵ نابن دژ بە دەستدرێژیكارانی سەر موڵك و ماڵی گشتی و تایبەتی و ئەوانەی كە بنەمای خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان بەلاڕێدابردوە".


لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختیشەوە، مستەفا كازمی رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەخت پابەندبونی نەگۆڕی حكومەتە لەو روەشەوە، ئەركەكانی خۆیان جێبەجێدەكەن و لەوادەی دیاریكراودا پرۆسەكە ئەنجامدەدرێت.


داواشی لە هاوڵاتیان كرد، ئامادەبن بە خۆتۆماركردن و وەرگرتنی كارتی بایۆمەتری بەمەبەستی مسۆگەركردنی پاكی هەڵبژاردنەكان و  پێشبڕكێ بكە بۆ دڵنیابون لەوەی ئاستی تۆماركردن دەگاتە هەمو دەنگێكی شیاو.   
 


PM:07:07:30/08/2020