زیانەکانی ئاگرەکەی شەوی رابردووی شاخی گۆیژە زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم دارستان سووتان

درەنگانی شەوی رابردوو، ئاگر لە شاخی گۆیژە لە سلێمانی کەوتەوە و بەشێکی بەرچاوی چیاكه‌ و داره‌كانی سوتان، به‌شێكی زۆری دانیشتووانی شووقه‌كانی شاری گۆیژەیش له‌ ترسی ئاگره‌كه باڵەخانەکانیان چۆڵ كرد.

 

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە درەنگانی شەوی ڕابردوو  ئاگرێک لە چیای گۆیژە کەوتەوە دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەمان  بەسەرپەرشتی ( عەمید دیار) سەرجەم تیمەکانی ناوشار گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بەهۆی بوونی ڕەشەبایەکی بەهێز ئاگرەکە زۆر زوو تەشەنەی کردبوو، وە سنورێکی فراوانی گرتبۆوە بەڵام توانرا بە هەوڵی  کارمەندانی بەرگری شارستانی و هاوکاری تیمەکانی لیوای یەکی پاراستن و پۆلیسی دارستان لەبەرەبەیاندا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".

 

هاوکات لای خۆشیەوە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند" کە تیمەکانی بەرگری شارستانی هەوڵێکی باشیان داوە بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە، بەڵام  پێویستە حکومەت  ئاوڕێکی جدی لە سێکتەرە بداتەوە و جلوبەرگ و پێداویستی ئاگرکوژاندنەوەیان بۆ دابین بکات".

 

لای خۆشیەوە عەمید دیار بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سلێمانی وتی" کە کەسانێک زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن و  گەشتیارێکی زۆر شەو تا بەیانی لەو چیایە دەمێنێتەوە و لەوێ دەخەون پاشماوەی ئاگر و خەڵوزی نێرگەلەکانیان دەبێتە هۆکارێک بۆ کەوتنەوەی ڕووداوی لەم جۆرە و سەرئەنجام دەبێتە ناشرین بوونی سروشتی جوانی ئەم شارە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ بدات کۆنتڕۆڵی ئەم دیاردەیە بکات". 

 

هەروەها رێکان جەمال بە میدیاکانی وت" ئاگرەکە کاتژمێر ٣:٠٠ی شەو بووە نزیک بۆتەوە لە ماڵەکانی گۆیژەی سێ، زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم دارستان و پوشو پاوان سووتاون، بەهۆی خەڵکەوە کە لەسەر چیاکەبوون ئاگرەکە کەتۆتەوە". 



PM:01:37:04/09/2020