دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان دەخەنەڕوو

ئەمڕۆ شەممە هەدوو دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، كە تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شارى سلێمانى هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى و یەکێتى بە سەرپەرشتى خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتی کوردستان و رزگار حەمەد بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتى لەسەر یاسای هەلبژاردنەکانى داهاتووی عێراق کۆبوونەوە.

 

لە دوای کۆبوونەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خەسرۆ گۆران بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنی پارتى راگەیاند" ماددەی ١٥ی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، لە بڕگەی شەش- دا دەڵێ پارێزگاكان پێكدێن لە چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردن، بەڵام روون نەكراوەتەوە چەند و چۆن".

 

وتیشی" ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە ئەوەیە کە لە هەرێمى کوردستان لایەنەکان یەک بۆچوونیان هەبێت لە بەرامبەر هەر یاسایەک کە دادەڕێژرێت لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە پەیوەندى بە هەرێمى کوردستان و ئەو ناوچانەوە هەبێت دەکەونە سنورى مادەى ١٤٠".

 

هاوکات لای خۆشیەوە رزگار حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وتی" دەمانەوێت لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر باشترین بژاردە رێكبكەوین، وەك كورد لە ھەرێم و ناوچە كوردستانییەكان پێویستیمان بە كۆدەنگی ھەیە".

 

بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتى روونیکردەوە: ئەوان باسیان لەوە نەکردوە بەچەند لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو بەوتەى خۆی ئەوان یەک هەڵوێستی و یەکدەنگى لەسەر یاسای هەڵبژاردن بە گرنگ دەزانن.

 

ئەمەش لەکاتێدایە، لەماوەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسەندکرد، بەڵام بڕگەیەکی یاساکە ماوە باس لەوە دەکات کە بەپێی یاساکە هەلبژاردن لە عێراق فرەبازنەیی دەبێت بۆ ئەوەش پێویستە پەرلەمان پاشکۆیەک دەربکات، بریاریشە هەلبژاردنی پێشوەختە لە ٦/٦/٢٠٢١ بەرێوە بچێت.



PM:02:30:12/09/2020