وەزارەتی کشتوکاڵ داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکات دارەکانی رێگای تاسلوجەیان سووتاندووە

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەسەر سووتانی دارەکانی رێگای سلێمانی تاسلوجە هاتە دەنگ و داوای سزادانی سەرپێچیکاران دەکات.
دەقی راگەیاندنەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ..


لە راگەیاندراوێكی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 



لەچەند رۆژی رابردوو ڤیدیۆ سوتانی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجە بڵاو كرایەوە، لەسەر راسپاردەی بەرێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەدواداچوونی ورد كرا لەسەر ئەم بابەتە و لێرەدا دەمەوێت بیخەمەڕوو.

 
یەكەم_ پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.

 
دووەم_ ئەم دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندووبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە.

 
سێ یەم_ لەئێستادا ئەم دار سنەوبەرانە( ئەم ناوچەیە) كەوتۆتە ناو سنوری شارەوانی تاسڵوجە و راپەڕین.

 
چوارەم_لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە لەچەند رۆژی رابردوو روویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریاریکردنی هۆکارەکان و گرتنە بەری رێککاری پێویست.

 
پێنجەم_ وەزارەتمان پڕۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادە كردووە، لە ئێستادا لە قۆناغی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دارستانەکان لە سوتان و لەناو چوون بپارێزرێن.

 
وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاسی هەوڵ و ماندوونی خەمخۆران و چالاكانی ژینگە دەكەین كە لەرێگەی خۆیان هەوڵ بۆ پاراستنی ئەم درەختانە و سەرجەم دارستانەكان دەدەن، پێویستە بكەرانی دەست نیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، ئێمەش لە چوارچێوەی پەیوەندیداریمان هاوكار و بەردەوام دەبین بۆ پاراستنیان.

 
حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 




PM:12:29:19/09/2020