زانکۆی سلێمانی لەبارەی فرۆشتنی کەمپە کۆنەکەی زانکۆوە روونکردنەوە دەدات



زانکۆی سلێمانی لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە فرۆشتنی کەمپە کۆنەکەی زانکۆ دەکەن، روونکردنەوە دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ بابەتێکی وا لە ئارادا نییە.

 
لەو روونکردنەوەیەدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە " ئێمە وەک زانکۆی سلێمانی تەواوی ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە ودڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەکەمان وزانکۆکەمان کە کەمپی کۆنی زانکۆ یەکێکە لە ڕەمزە دیار ومێژووییە پارێزراوەکانی پایتەختی رۆشنبیری، وە کەمپی ناوبراو ھەنوکە لە چوارچێوەی ھەشت کۆلێجدا نزیکەی ١٠ ھەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لەخۆگرتووە".


رونكردنەوەیەك لە زانكۆی سلێمانی


ئاشکرایە لەرۆژانی رابردوو چەند کەسێک نابەرپرسانە دوور لە پێوەرە یاسایی وئەکادیمیەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەپێناو بەرژەوەندی کەسی وتایبەتی خۆیان، دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێکی چەواشکارانە سەبارەت بە فرۆشتنی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی (کەمپی ناوشار).


ئێمە وەک زانکۆی سلێمانی تەواوی ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە ودڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەکەمان وزانکۆکەمان کە کەمپی کۆنی زانکۆ یەکێکە لە ڕەمزە دیار ومێژووییە پارێزراوەکانی پایتەختی رۆشنبیری، وە کەمپی ناوبراو ھەنوکە لە چوارچێوەی ھەشت کۆلێجدا نزیکەی ١٠ ھەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لەخۆگرتووە، وە بەپێچەوانەوە زانکۆی سلێمانی لە ھەوڵی کرنەوەی کلینیک وتاقیگەیەکی پزیشیکی نوێیە لەناو ئەو کەمپەدا بۆ توێژینەوەی پزیشکی،کە ھەموو ئەمانەش ھەرخۆیان لە رووی لۆجکیەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆدەخەنەوە. ھەر بۆیە وەک زانکۆی سلێمانی سەرەرای سەرزەنشت کردنی ئەو پڕوپاگەندانە، داواکارین لە بەرێز داواکاری گشتی لە پارێزگای سلێمانی رێکاریی یاسایی بگرنەبەر بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵێنەوە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی لە ئەکاونتی کەسی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە تۆمەتی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە بۆ لکەدارکردنی زانکۆی دایک و شاری سلێمانی وە ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاوبکەنەوە، وە ئێمەش وەک زانکۆی سلێمانی لە رۆژانی داھاتوو دەستکراوە دەبین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەو کەسانە.


 ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی 


٢٢-٩-٢٠٢ 

 


PM:09:31:22/09/2020