بەپێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و، مادەکانی دەستوری عێراق، وەزیری رۆشنبیری هەرێم پێدانی ژمارەی سپاردنی کتێب ناوەندی دەکات و لیژنەیەکی ناوەندی لە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ دروستدەکات.
رۆژی ٢٤ ی ئەیلولی ٢٠٢٠ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەفەرمانی ژمارە ٣٠٧٧ لە ٢٤/٩/٢٠٢٠ پاڵپشت بە رێنمایی ژمارە ( ٦) ی ساڵی ١٩٩٩ بڕیاریدا پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپی کتێب بکرێت بە شێوازێکی مەرکەزی و تەنها لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکانەوە دەدرێت.
بیانووی ئەم بە ناوەندی کردنی ژمارەی سپاردنە بەبەهانەی ئەوەیە کە " رەچاوی بەرژەوەندی نیشتمانی و پاراستنی بەها و هێما پیرۆزەکان و نەشێواندنی رەوشی کۆمەڵایەتییە" بکرێت.
لە فەرمانەکەدا هاتووە " پێش پێدانی ژمارەی سپاردن، کتێبەکە لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و دواتر ئەو ژمارەیەی دەدرێتێ و بۆ ئەم مەبەستە لەم نزیکانەدا ئەو لیژنەیە دەستبەکار دەبێت".
پێشبینی دەکرێت ئەم فەرمانە کە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و دەستوری عێراقە رووبەڕووی نارەزایەتی گەورە ببێتەوە.