کازم فاروق: نازانم سەرۆکی حکومەت بۆ لەسەری قورس بوو کە پێمان وت دەستلەکاربکێشنەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت" ‎نازانم بۆچی لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا سەرۆکی حکومەت ئەوەندە لەسەری قورس بو کە پێمان وت دەستلەکاربکێشنەوە با خەڵکی تر بێتە جێگاتان حوکم بکات". 

 

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبونی سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیری دارایی، رایگەیاند" نازانم بۆچی لەدانیشتنەکەی پەرلەماندا سەرۆکی حکومەت ئەوەندە لەسەری قورسبوو کە پێمان وت دەستلەکاربکێشنەوە با خەڵکی تر بێتە جێگاتان حوکم بکات".

دەشڵێت" لەباتی ئەوەی بڵێت لەمەودوا مووچەی خەڵک نابڕین و کارەبا و ئاو و رێگاوبان باشتر دەکەین و گەنجە بێکارەکان دەخەینە سەرکار، کەچی وتی ئێمە دەنگمان هێناوە و بە هەڵبژاردن هاتوین، نازانم کام هەڵبژاردنە؟".

کازم فاروق وتیشی" لە هەڵبژاردنی رابردوودا نزیکەی 400 هەزار هەویە و جنسیە تەزویر کرابوو، زیاد لە 100 ھەزار خەڵکی ئێران و سوریا کارتی دەنگدان و هەویەیان بۆ کرابوو، ‎سەرباری ئەو ھەموو تەزویرەش ھێشتا پارتی و یەکێتی (30٪‏)ی دەنگەکانیان هێناوە، خۆ ئەگەر تەزویر نەبێت ئەوا مانای وایە پارتی و یەکێتی بە ھەردووکیان (15٪‏)ی دەنگەکانیان هێناوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد: ‎ئەگەر راست دەکەن بۆچی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەربەخۆ ناکەن؟ گەر ئێوە ترستان نییە و پێتان وایە دەنگتان هێناوە، ‎دوای ئەوە ئەگەر خەڵک دەنگی بە ئێوە دابێت، بۆ ئەوە دەنگی پێداون کە موچەکەی ببڕن؟ یان بۆ ئەوەی خزمەتی بکەن؟. 

راشیگەیاندووە" جاری وا هەیە مرۆڤ ئەوەندە درۆ دەکات، خۆشی درۆکانی لێ دەبێتە راست".

ڕۆژی دووشەممەی رابردوو ٥ی تشرینی یەکەم  بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تیایدا پەرلەمانتاران پرسیاریان ئاڕاستەیان کرد و ئەوانیش وەڵامی پەرلەمانتارانیان دەدایەوە.



PM:08:56:07/10/2020