بەرپرسێکی تەندروستی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی ئاشکرا دەکات

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی، د.داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆری هەناوی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زۆر هۆکار هەن بۆ زیادبوونی ڕێژەی مردنی کۆڕۆنا لەکاتی ئێستادا لە شاری سلێمانی.


د. داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی، لە نووسینێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو هۆکارانە دەخاتەڕوو کە هۆکاران بەبەرزبوونەوەی حاڵەتی مردن لە پارێزگای سلێمانی، لەوانە:

 
- ئەوەی باس ئەکرێ کە ڕێژەی مردن لەشاری سلێمانی ٥٪ە و لە شارەکانی تر ۳٪ە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە سلێمانی هەموو نەخۆشێک کە نیشانەی کۆڕۆنای هەبێ و بمرێت لەسەر کۆڕۆنا حساب ئەکرێ تەنانەت ئەگەر فەحسی لووتەکە(nasal swab PCR)ی نەکردبێ، یان نێگەتیڤ بێ، و دەڵێت "ئەوەنەی زانیاریم هەبێ لە شارەکانی تر تەنها ئەوانە ئەخەنە ئاماری مردنەوە کە فەحسی لووتەکەیان پۆزەتیڤە".

 
هۆکارێکی تریش وەک ئەو پسپۆرە باسی دەکات، ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کە لە سلێمانی وەفات ئەکەن هی شارەکانی دەرەوەی سلێمانی و تەنانەت دەرەوەی هەرێمیشن.
-هەروەها دەشڵێت " بەداخەوە هاوڵاتیان زۆر ساردبونەتەوە لە پابەندبون بە بەستنی ماسک ئەمەش ڕێژەی تووشبون و ڕێژەی مردن زیاددەکات."

 
خاڵێکی تریش،ئەو پزیشکە پێیوایە، زۆرێک لە خەڵکی تا کاتێکی درەنگ دوای نەخۆش کەوتنیان سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەکان ناکەن بەو حسابەی کە ۱٤ ڕۆژ تەواوکەن ڤایرۆسەکە خۆی نامێنێ، ئەوەش ڕاست نیە چونکە ئەگەر کەسەکە نەخۆشیەکە بەقورسی بگرێت بەتایبەتی ئەگەر هەناسەتوندی و کۆکەی زۆر و دابەزینی ئۆکسجینی لەشی لەگەڵا بێت پێویستە زوو چارەسەری دەرمان و پلازما وەرگرێ پێش ئەوەی کار لەکاربترازێت، نەخۆشی وا هەیە دوو مانگ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و نەخۆشی واش هەیە لە دوانزەمین ڕۆژدا حاڵی خراپ بوە.


دەشڵێت "ئەو کەسانەی کە بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسێکا هەیە کە زۆر بە قورسی نەخۆشیەکەیان گرتوە، لەوانەیە ئەوانیش بەو قورسیە تووشی نەخۆشیەکە بن ئەویش بەهۆی جۆری ڤایرۆسەکە و خەستی ڤایرۆسەکە کە ئەچێتە لەشیانەوە، بۆیە پێویستە زوو پشکنینی خوێن و ئەشیعە بگرن بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو".
هەروەها باس لەوەش دەکات، زۆربەی ڕۆژ لە نەخۆشخانە حکومیەکان شوێنی داخل کردنی نەخۆش و بێدی چاودێری وورد نەماوە بۆیە پێویستە لەمەولا نەخۆشخانە ئەهلیەکانیش ناچار بکرێن نەخۆشی کۆڕۆنا وەرگرن.

 
ئەوەش دەخاتەڕوو، کەسانی گەنج کە تووشی کۆڕۆنا ئەبن کەمتەرخەمی ئەکەن لە وەرگرتنی چارەسەر و خۆیان ئیهمال ئەکەن، بەداخەوە ئەم ڤایرۆسە گەنج و پیر ناناسێ!


 د، داهات حەوێزی پزیشکی پسپۆری هەناوی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی لە کۆتاییدا دەڵێت "ئەگەر پابەندبین پشت بەخوا ڕێژەی تووشبون و مردن کەم ئەکەینەوە و ئەگەڕێینەوە ڕۆژە ئاساییەکان".

 


PM:05:02:09/10/2020