تەندروستی سلێمانی: گەر وا بڕوات هەموو بنەماڵەیەکی سلێمانی ئازاری کۆرۆنا دەچێژێت

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لەبارەی دۆخی مەترسیداری کۆرناوە لەم شارە هۆشداری دەدات و دەڵێت "  گەر بەم شێوەیە بروات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو، راست نابێ بڵێین هەموو گەرەکێ، هەموو بنەماڵەیەک ئازاری کۆرۆنای چەشت!".


د. یاد نەقشبەندی ئەمشەو لەگەڵ ئاماری ئەمڕۆی کۆرۆنادا کە ١٠ تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، دەڵێت " (١٠ هاوڵاتی گیانی لە دەستدا لە ٢٤ کاتژمێردا، بە واتای (١٠) خێزان، (١٠) بنەماڵە، (١٠) گەرەک، ئازاری جەرگ بری کۆرۆنای چەشت، گەر بەم شێوەیە بروات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو، راست نابێ بڵێین هەموو گەرەکێ، هەموو بنەماڵەیەک ئازاری کۆرۆنای چەشت!!".

 
هەروەها دەشڵێت" ئامارەکان مەترسیدارن، نەخۆشخانەکان پڕن، پابەندبوون بە ڕێنماییەکان وەک پێویست نین، هیوادارم پێش ڕودانی کارەساتی نەخوازراو، بە هەموو لایەک هەوڵ بدەین ئەم دۆخە بەرەو باشتر بەرین، کە ئەویش تەنیا بە خۆپارێزی دەبێت، وەک چۆن لە ڕابردوو کردمان".

 
سلێمانی لە رووی گیان لەدەستدانەوە بە کۆرۆنا نەک لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش لەریزی هەرە پێشەوەیە، دوێنێ تەنها لەسلێمانی بێجگە لە گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین ١١ کەس گیانیان لەدەستدابوو، ئەمڕۆش ١٠ کەس.

 


PM:09:46:18/10/2020