لیژنەی پێشمەرگە: هەموو شەڕێكی كورد كوژی مەحروم و شەرمەزاردەكەین

لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" هەموو شەڕێكی كورد كوژی مەحروم و شەرمەزار دەكەین". 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" لە ئاكامی كردەیەكی سەربازی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئەنجامدرا، لە ناحیەی چەمانكی لە قەزای ئامێدی ‎لە بەرواری 2020/11/4 ‎پێشمەرگەیەك بە ناوی (هێرش جەوهەر محەمەد)شەهیدبو چەند پێشمەرگەیەكیش برینداربون، ئێمە ‎ئیدانەی ئەم كردەیە و هەمو كردەیەكی هاوشێوەی دەكەین، هەمو شەڕێكی كورد كوژی مەحروم و شەرمەزار دەكەین". 

 

لیژنەكە راشیگەیاند" ‎داوا لەسەرجەم هێزە كوردستانیەكان دەكەین كە خۆیان لە شەڕی خۆكوژی بەدوربگرن و كێشە و گرفتەكان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەربكەن. ‎شەڕ ماڵوێرانكەرە و كەس تێیدا براوە نیە، ‎پەنا بردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و توندوتیژی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی وەدیهێنەری ئازادی و بونیادنەری قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان و وەک هێزێکی دەستوری و بەشێک لە سیستمی بەرگری دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەستور و سەروەری عیراق و هەرێمی کوردستانە، و بەتەواوی دەستێوەردانێکی نایاسایی و ناڕەوایە لەکاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان". 

 

باسی لەوەشكردوە، گومانی تێدانیە کە شەڕی خۆبەخۆی کوردان لەگەڵ یەکتری جگە لە زیان و کارەسات و لاوازکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕژانی خوێنی لاوانی کوردستان و سوتانی جەرگی دایک و باوکان شتێکی دیکەی لێ نەهاتۆتەدی، بۆیە دەبێ هەوڵ و تێکۆشانی هەمو لایەک بۆئەوە بێ کە پێش بەشەڕ بگیرێ و ئەگەر کێشەش هەبن دەبێ بە گفتوگۆ و ئامرازی ئاشیانە چارەسەر بکرێن و ئەرکی هەمو پارت و لایەنە سیاسیەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانە بەگشتی ئەگەر پێیان ناکرێ لەڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان هاوکاری گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، ئەوا با کێشەی بۆدروست نەکەن.

لیژنەی پیشمەرگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەداخەوە ئەو دەسکەوتانەی کە بەهۆی خەباتی مێژویی و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلەکەمان و بەخشینی دەریای خوێنی ڕۆڵەکانمان بەدەستمان هێناوە وا خەریکە لە ئەنجامی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان هیزە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جۆراوجۆر، ‎بۆیە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسی و كەسایەتیەكان دەكەین، دەست لەناودەست هەوڵی پێشگرتن بەم ڕوداوە نەخوازراوانە و یەكخستنی هەوڵ و هەڵوێستی نیشتمانی لەپێناو دورخستنەوەی شەڕو باڵادەستی ئاشتی و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و تەرخانکردنی وزە و تواناکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان نەک بەفیڕۆدانیان لەشەڕی خۆکوژی دا.



AM:10:26:06/11/2020