ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. هاوڵاتییەک بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدا

هاووڵاتییەکی كوردی خەڵکی بانه له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ كاری گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشین بووه‌، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌کانی ئێران دوای برینداركردنی ئه‌مڕۆ گیانی له‌ ده‌ستدا.

 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە هاوڵاییەکی خەڵکی بانه بە ناوی (خوسرەو شەریفی) تەمەن ٢٩ ساڵ کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان گوللەیەک لە سەری درابوو، لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لە دەستدا.
 
یەکێک لە خێزانەکەی بنەماڵەی شەریفی بە هەنگاوی راگەیاندووە" خوسرەو شەریفی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەر (٢٨ی ئۆکتۆبەر) لە سنووری کێلێ و لەنزیک بەنداوی عەباس ئاوا لە حالێکدا کە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی (ئیستەیشن) سەرقاڵی گواستنەوەی گەشتیار بووە، کەوتووەتە بۆسەی هێزە چەکدارەکان و دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتووە، بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە گولەیەکیان لە سەری داوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، خوسرەو شەریفی خێزاندارە و باوکی کچێکە بە وتەی ناوبراو بنەماڵەی شەریفی لە داد سەرای سەربازی سەقزی دژ بە هێزە ئینتزامییەکان سکالایەکیان تۆمارکردووە و دۆسیەکەیان ئێستا کاری لە سەر دەکرێت.



PM:07:11:08/11/2020