دوو په‌رله‌مانتاری كورد پشتیوانی بانگهێشتكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ په‌رله‌مانی عێراق دەكەن

دوو ئەندامى پەرلەمانى عیراق پشتیوانیان بۆ بانگهێشتكردنی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ربڕی و رایانگه‌یاند" دەستمان بە کۆکردنەوەی واژۆ کردووە، بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر رێککەوتنی بەناو (پەنجا ساڵی) لەگەڵ تورکیا". 

 

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ریه‌ك له‌ غالب محه‌مه‌د و سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، پشتیوانی بانگهێشتکردنی مەسرور بارزانی دەکەین بۆ پەرلەمانی عێراق، چونکە پرسی نەوت و رێکەوتنی بەناو (پەنجا ساڵی) یەکێکە لە مەترسییە سەرەکییەکان لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان و پرسی موچەخۆران، بۆیە دەبێت چارەسەری کۆتایی بۆ ئەم پرسە بکرێت.

 

ڕاشییانگەیاند" بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوو مەسرور بارزانی ئامادە نەبوو هیچ رێزێک بۆ پەرلەمانی کوردستان دابنێ و زانیاری دروست بۆ پەرلەمانی کوردستان بخاتە روو سەبارەت بە مەلەفی نەوت و پرسی موچە، وە پەرلەمانی کوردستان رۆڵی کۆتای پێهێنراوە، بۆیە لە ئێستادا دەستمان بە کۆکردنەوەی واژوو کردوە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کورد ئێمە (سەرکەوت شەمسەدین و غالب محمد عەلی) بەشدارین لەگەڵ دەیان پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکان، بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لەسەر رێکەوتنی بەناو "پەنجا ساڵی" لەگەڵ تورکیا و ئایندەی مەلەفی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد".

 

سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین و غالب محه‌مه‌د ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد" ئه‌م هه‌نگاوه‌ هه‌وڵێكی یاسایی و ده‌ستوریه‌ تا له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ بتوانرێت پرسه‌ گرنگه‌كانی نه‌وت و موچه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ر بروات و چیتر قوتی خه‌ڵك له‌ نێوان هێزه‌ گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كان نه‌كرێته‌ كاڵای بازرگانی".



PM:08:06:23/11/2020