لە روژهەڵاتی کوردستان زیندانییەک خۆی سووتان

بەندکراوێکی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە خۆی سووتاند، سەدان بەندکراوی ئەم بەندیخانەیە ناڕرەزایەتییان دەربڕی، هێزە تایبەتەکان چوونە ناو بەندیخانەوە بە لێدان و توندوتیژی ڕووبەڕووی ئەو بەندکراوانە بوونەوە.

 


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە گرنگی بە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات، رایگەیاند " نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بەندکراوێک بە ناوی "حوجەت کازم نژاد"، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە ئازاد نەکرانی پاش تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکرانی، لە کاتێکدا کە سەری خۆی لە گەچ گرتبوو لە بەردەم ئۆفیسی ئەفسەری نیگابان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەم هۆیەوە قاچێکی زۆر بە سەختی بریندار بووە."

 


وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بەو رێکخراوەکەی راگەیاندووە، " ئەم بەندکراوە کە لە بەندی ١-٢ ڕاگیراوە، کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆ جارێکی دیکە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا کە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتە بەر لێدان و ئەمەش بوو بە هۆی کاردانەوەی بەندکراوانی دیکە و شەڕ و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان".

 


لە پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە بەندەکانی ١،٢،٣ و ٤ کە زیاتر لە هەزار بەندکراو لەم چوار بەندەدا ڕاگیراون، بەرپرسانی بەندیخانە، دەرگاکانی بەندیخانەکەیان داخستووە و هەر جۆرە هاتوچۆیەکیان قەدەغە کردووە و هێزەکانی یەکەی تایبەت و پۆلیسی قەیران چوونەتە ناو بەندەکان و دەستیان کردووە بە لێدانی بەندکراوان.

 


هەنگاو دەڵێت، بەندکراوانی ئەو چوار بەندەش سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە و پەتووەکانی خۆیانیان سووتاندووە بە شێوەیەک کە دووکەڵ و بۆنی پەتووی سووتاو، سەرانسەری بەندیخانەکەی گرتووەتەوە.

 


PM:05:34:25/11/2020