حکومەتی هەرێم لەنامەیەکدا داوای مووچەی چوار مانگ لە حکومەتی کازمی دەکات



ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی بەغدا بکات و داوا مووچەی مانگەکانی " پێنج، شەش، حەفت و دەی ئەمساڵ، کە ماف و شایستەیەکی رەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی نەیناردووە".

 


لە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیاندنێک بڵاوکرایەوە کە تیایدا بڕیار درا" ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج، شەش، حەفت و دەی ئەمساڵ، کە ماف و شایستەیەکی رەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠١٩ نییە".

 


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ یتشرینی دووەم  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیران کۆبووەوە.


لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهاتەکانی رێڕەوی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان.

 

 
لەو کۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هیچ شێوەیەك حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات. وتشیەتی " دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستانە".

 

 
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج، شەش، حەفت و دەی ئەمساڵ، کە ماف و شایستەیەکی رەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە.

 

 
ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت دەکات، کە لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە، فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین، بەڵکو هاووڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەکرێتە بەشێك لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی. 

 

 
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیریی لە هاتنەئارای رێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکەن، لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

 


PM:06:08:25/11/2020