حکومەتی هەرێم لەبارەی ٣٢٠ ملیارەکەی بەغداد ڕوونکردنەوە دەدات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" گەشبینن لە چەند رۆژی داهاتودا بەغدا ٣٢٠ ملیار دینارەکە بنێرێت بۆ موچەی فەرمانبەران". 

 

د. جووتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە لێدوانێکیدا بە (رووداو)ی راگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابەشکردنی مووچە، گەشبینین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا ٣٢٠ ملیار دینارەکە بنێرێت".
 
وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی" ئەگەر ٣٢٠ ملیار دینارەکە نەهات بۆ دابەشکردنی مووچە، ئێمە بژارەی خۆمان دەبێت، بەپێی رێککەوتن دەبێت لە عێراقەوە مووچەی چوار مانگی دیکەمان بۆ رەوانەبکرێت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوەوە و بە گوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج، شەش، حەفت و دەی ئەمساڵ، کە ماف و شایستەیەکی رەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠١٩ نییە. 



PM:11:15:25/11/2020