کازمی بەڵێن دەدات کێشەی پارەی هەرێم چارەسەر بکات‌و کۆتایی بەکێشەی هەرێم و بەغدا بهێنێت

کازمی سەردانی پەرلەمان دەکات و بەنوێنەرانی کورد دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی کە دەنێردرێت بۆ هەرێم کەمەو گرفت بۆ ناردنی دروستدەکرێت، 
هەروەها دەشڵێت بڕە پارەی ئەم مانگە ڕەوانە دەکات و کاردەکەن بەتەواوی کۆتایی بەم کێشەیە بهێنرێت.


 
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاش كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”لەگەڵ مستەفا كازمی باسی كۆمەڵێك پرسمان كرد كە یەكێكیان بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت و مانگی دە، باسی شایستەی دارایی جووتیارانیشمان كرد“.

 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە پشکی پارتیە ئەوەش دەخاتەڕوو  ”مستەفا كازمی دانی بەوەدا نا كە ئەو بڕە پارەیەی بە هەرێمی كوردستان دەدەن لە بەشی خۆیان كەمترە و پێویستە زیاتری بكەن، بەڵام هەندێك كەس لەناو پەرلەمان و دەرەوە دەیانەوێ تەگەرە بخەنە بەردەم حكوومەت. ئێمەش پێمان گوتن كە ئەو ڕێككەوتنەی هەولێر و بەغدا پێویستی بە پشتگیری هەیە، پێویستە پەرلەمان پشتیوانی لەو ڕێككەوتنە بكات“.

 
وتیشی " ئەم كارەی پەرلەمانی عێراق لەم دواییە كردی، تەگەرە دانان بوو لەبەردەم حكوومەت لە كاتێكدا حكوومەت خۆی پلان بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان و كاروبارەكانیان دادەنێن".

 
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی فەرمانبەران، وتی: ”كازمی لە كۆبوونەوەكەدا وتی، چەند ڕۆژێكە لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان، دەبێ ئەم كێشەیە كۆتایی بێ و ئەم ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە، جێبەجێ بكەین، پارەكەی ئەو مانگانەیان پێدەدەین، بەڵام بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕێن،وتیشی كە ئیتیفاقێكی سیاسی نزیكە بكرێت، تاوەكوو بودجەی هەرێمی كوردستان پێش یاساكە خەرج بكرێت و ئەوەی دەكەوێتە دوای یاساكەش، لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ جێبكەینەوە“.

 
ناوبراو وتیشی: ”هیچ ماوەیەك بۆ ناردنی پارەكە دانەناوە، كازمی دەیەوێ كۆدەنگییەكی سیاسی لە عێراق دروست بكات تا بتوانێت پارەكە بنێرێت، بەڵێنیشی دا سەركەوتوو دەبێت لەم كارە، گوتی بە زووترین كات ئەمە دەكەین و نایەڵین هاووڵاتیان و فەرمانبەرانمان لە هەرێمی كوردستان بێ مووچە بمێننەوە.
 






PM:02:55:26/11/2020