قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشدارى دەداتە گازینۆ و کافتریاکانى نێرگەلە و فرۆشیارانى مەى

قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگاداری گازینۆ، کافتریای نێرگەلەو دوکان‌ و فرۆشیارانی خواردنەوە کحولییەکان دەکاتەوە رێگری لەهاتوچۆکردنی نەوجەوانان بکەن‌و هیچیان پێنەفرۆشن‌ و سەۆکی لیژنەکانیش دەڵێت، روبەڕوی داخستن‌و دادگا دەکرێنەوە.

 

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" بەپێی رێنمایی و یاسای کارکردن، هاتوچۆکردن و پێشکەش کردنی نێرگەلە و خواردنەوە کحولییەکان بۆ خوار تەمەن (18) ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات دادەخرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی سەردانی لیژنەکان بۆ گازینۆ، کافتریاکانی نێرگەلە و دوکان و شوێنەکانی خواردنەوە مەستییەکان، هەبونی مناڵ و نەوجەوان لەلایەن لیژنەکانەوە روبەڕوی داخستن و رێکاری یاساییەکان دەکرێتەوە، چونکە لەهەمو دنیادا هاتوچۆکرن بۆ یاری بلیاردو یارییەکانی دیکە لەگازینۆکان، پێشکەش کردنی نێرگەلە لە کافتریاکان و فرۆشتنی خواردنەوە مەستییەکان قەدەغەیە و هەمو شوێنەکانیش پابەندن پێوەی، بەڵام بەشێک لە خاوەن شوێنەکانی ئێرە سەرپێچی دەکەن.

لەشکر حەمید باسی لەوەشکرد، ئاگاداری سەرجەم ئەو شوێنانە دەکەنەوە پابەندی رێنمایی و یاساکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و پێشکەشکردنی نێرگەلە و خواردنەوە مەستییەکان بن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی داخستن و خاوەنەکەشی روبەڕوی دادگا دەکرێتەوە.



PM:08:00:27/11/2020