لەبارەی خۆپیشاندان و دەستگیرکردنەکانەوە
رۆشنبیران ئامۆژگاری حکومەت دەکەن



ئەکادیمی و نوسەری ناسراو، د. شێرکۆ کرمانج لە نووسینێکی کورتدا لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە، ئامۆژگاری و هۆشداری دەدات بە حکومەتی هەرێم و، دەڵێت " دەسەڵات دەیەوێت خۆپیشاندانەکان وەک ئەوەی لە سوریا و لیبیا ڕوویدا بەرەو ئاقاری گرژی و توندوتیژی ببات".

 

 
لە نووسینێکی کورتدا لە واڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، د. شێرکۆ کرمانج لە بارەی خۆپیشاندانەکان و مامەڵەی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانەوە نووسیوویەتی "عەبدوڵای مەلا نوری دوێنێ ھاواریکرد ئێمە خۆپیشاندانی بێ توندوتیژیمان دەوێ و بێ توندوتیژی ئامانجمانە... دەسەڵات ئەمڕۆ بێ ھیچ تاوانێک ئەو و ھاوڕێکانی، عەزیز ڕەئوف و شێرکۆ حەمەدەمین و ئەوانی دیکەیان، گرت". 

 


دەربارەی ئەکامەکانی ئەم دەستگیرکردنانە، د. شێرکۆ کرمانج دەڵێت" ئەم کردەیە یەک تەفسیر ھەڵدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت خۆپیشاندانەکان وەک ئەوەی لە سوریا و لیبیا ڕوویدا بەرەو ئاقاری گرژی و توندوتیژی ببات. بەمەش دەسەڵات ڕێگە لەپێش دەنگە ناڕازییەکان ناھێڵێتەوە".

 


ئەو توێژەرە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو لە ھیچ کات و لە ھیچ شوێنێک لەگەڵ توندوتیژی نییە و دەڵێت "نابێت ڕێگریش لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بکرێت ھەر دەڵێم: بەئاشتیی بەئاشتیی، چونکە پێموایە ناڕەزاییەکان بەئاشتیی کاریگەرییان دەبێت و لەوانەیە دەسەڵات بەچۆکدا بدات... توندوتیژیی ماڵوێرانی و خوێنڕشتنی لێدەکەوێتەوەو ھەڕەشە لەسەر قەوارەی ھەرێم دروستدەکات کە ناحەزانی گەلەکەمان قازانجی لێدەکەن".

 


د. شێرکۆ کرمانج خاوەنی دکتۆرایە له‌ دیراساتی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی ساوس ئوسترالیا، ماوەیەکی زۆر لە زانکۆکانی مالیزیا وانەی وتۆتەوەو، ئێستا لە زانکۆکانی وڵاتانی کەنداو وانە دەڵێتەوە، ئەو توێژرە خاوەنی چەند کتێبێک و بەسەدان وتاری شیکاریە.

 


PM:04:37:12/12/2020