پەرلەمانتارێک: دوو بڕیار ٧٠ ملیار دینار بۆ داھاتی حکومەتی ھەرێم زیاددەکات

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بە دەركردنی دوو بڕیار لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە، ٧٠ ملیار دینار بۆ داهاتی حكومەت زیاد دەبێت كە بڕیارەكانیش پەیوەستن بە ئاڵوگۆڕی دراو و پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانەوە". 

 

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە" دۆخی ئابوری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە، تەنیا پشتبەستن بەنەوت و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەندەڵی ؛ نەھامەتی گەورە دێنێ، ڕێککەوتنی ھەرێم لەگەڵ عێراق کارێکی زۆرباشە، بەڵام بەبێ چاکسازیەکی ڕیشەیی لەنێوخۆدا ئەستەمە ھیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بگاتە ئەنجام".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" بە پێشنیارەکانمان بۆ چەند بڕیارێکی گرنگن، دەریدەخەین کە چۆن ھەرێم دەتوانێت لەم دۆخە دەربازی ببێت،  ئەگەر ئیرادە ھەبێت، دوو بڕیاری گرنگ ، کە پێویستە سەرۆکی حکومەت بیدات، یەک: بڕیاری سەرۆک وەزیران : بڕیارماندا ئاڵگۆڕی دراو لە بانکی ئەھلیەوە بگوازینەوە بۆ سێ بانکی حکومەت لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک... بازرگان و کۆمپانیاکانی دراو دەتوانن دۆلار بکڕن، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە وەزارەتی دارایی ڕێکیدەخات". 

 

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردووە، ھەتاوەکو سەرەتای ٢٠١٩ گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار تەنیا بۆ بانکی کوردستانی ئەھلی بوو بە نرخی ١١٨ ھەزار دینار بۆ ١٠٠ دۆلار، ھەندێک مانگ ١٠ ملیارو ھەندێک مانگیش گەشتوتە ٢٥ ملیار دینار قازانج، پاشان درایە RT BANK بە نرخی ١٢٠ ھەزار بۆ ١٠٠ دۆلار، ئێستا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری ھەیە ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ ھەزار بفرۆشێت و پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری ١٥٠ ھەزاردا  لە بازاڕ جێگیر ببێت. 

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا مانگانەی داھاتی نەوت نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەو بەم میکانیزمە نوێیە نزیکەی ٥٥ ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێم زیاددەبێت، پێش کۆرۆنا  ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێدەکرا، بە زیادبونی داھاتی نەوت ئەم بڕەش (٥٥ ملیار دینار) زیاددەکات، ئەوانەی نەیاندەویست ئەم پرۆسە سەر بگرێت، بیانویەکیان ھەبوو، دەیان وت: بانکی ناوەندی عێراق ڕەزامەند نیە.

 

لەبارەی بڕیاری دوەمیشەوە عەلی حەمەساڵح رونیکردوەتەوە، بڕیاری سەرۆک وەزیران: بڕیارماندا لە ساڵی نوێوە پاراستنی سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازیەکان لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەربگیرێتەوەو ھێزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەم کێڵگانە لە ئەستۆ دەگرن، ئەم بڕیارەش نزیکەی ١٥ ملیار دینار بۆ داھات زیاددەکات، ژمارەیەک بەرپرس دژی ئەم بڕیارەن و ئێستا لێی سودمەندن، کێ ڕێگربو ھەڵمەتێکی دژ دەکرێت، بەدڵنیایی ڕێگریەکە کاتی دەبێت و بڕیارەکەش سەردەگرێت. 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت" بەم دو بڕیارە نزیکەی ٧٠ ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاددەبێت، چەندین بڕیاری دیکەی گرنگ ھەن پێویستە دەربکرێن بۆ گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دینار بۆ داھاتی گشتی".



PM:02:22:19/12/2020