کۆنسڵخانەی هەولێر لەگەڵ پۆمپیۆ جەخت لەئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێم دەکاتەوە، راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت باسی ناکات

کۆنسڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پشتیوانی کردنی ئازادی ڕاگەیاندن لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا"، کەچی دوێنێ شەو میدیای سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی بە دوور و نزیک هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە بۆ باسکردنی ئازادی راگەیاند لە پەیوەندی تەلەفونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی هەرێم.

 


لەو راگەیاندنەی قونسڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ناوەرۆکی پەیوەندیە تەلەفونییەکەی پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا هاتووە "خۆشحاڵ بووم بە قسەکردن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی_کوردستان و، هەرەوەها سوپاس کردنی لەپای هاوبەشی تۆکمەیان. ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی ئازادی_ڕاگەیاندن لە عێراق و بەهیوای بەردەوامی لە هەماهەنگی نزیکمان لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق."

 

 
ئەمە دەقی راگەیاندنەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا  مایک پۆمپیۆیە کە بڵاویکردۆتەوە، بەڵام میدیای سەرۆک وەزیران، مسرور بارزانی و میدیا نزیکەکانی بەم شێوەیە راگەیاندنی ئەو پەیوەندیە تەلەفونییەیان بڵاوکردۆتەوە.

 

 
لەو راگەیاندنەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە" ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت".

 

 

هەروەها باس لەوەش کراوە" لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بودجەوە. سەرۆکی حکومەت پێشنیاری کرد کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم وحکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کرد کە خوازیارە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. هەروەها سوپاسی پۆمپێیۆی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی كاركردنیدا".

 
لەراگەیاندنەکەی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە " لە پەیوەندییەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرایەوە ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمەریکا کرد بۆ هێزی پێشمەرگە و هەروەها یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID."

 

 

لە کۆتایشدا هاتووە " لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سوریا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال تاووتوێ کران لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان".

 


AM:11:42:23/12/2020