ناوەڕۆکی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشکرا دەکرێت

بریارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان کۆببنەوە و شانده‌كه‌ ورده‌كاریی دانوستان و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بخاته‌ ڕوو.

 

سامان ئەحمەد بەكر بەڕ‌ێوبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ دووشەممە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، بەسەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دێنە پەرلەمانی کوردستان و، بڕیارە دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی کوردستان روونبکەنەوە".

وتیشی" هەریەکە لە وەزیری دارایی و كاروبارى ئابووری، وه‌زیرى پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بەشداری کۆبونەوەکەی نێوان حکومەت و پەرلەمان دەکەن".

روونیشیكردووەتەوە، بڕیارە شاندی دانوستانکار لەکاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی (دارایی و كاروبارى ئابووری، كاروبارى یاسایی، وزه‌و سامانە سروشتییەکان) کۆببنەوە و، روونکردنەوە لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بخەنەڕوو و دواین ئەنجامی رێککەوتنی هەولێرو بەغدا بخەنە بەردەم پەرلەمان. 



AM:09:33:28/12/2020