نێچیرڤان بارزانی: ناکۆکی لایەنەکان دەبێتە هۆی پەرتکردنێکی گەورەی کۆمەڵگا

لە پەیامی سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی هاتنی ساڵی ٢٠٢١ ەوە پێشبینی باش بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان ناکات و دەڵێت " بەداخەوە ناكۆكیی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییه‌كان بەردەوامە، باری ژیان و دەروونیی خەڵكی كوردستان بە شەڕێكی ئاستنزمی سۆشیاڵمیدیا خراپتر كراوە! زۆركردنی ئەو جیاوازییە سیاسییانە، هێزی سیاسیی هەرێمی كوردستان زۆر لاواز ده‌كات و دەبێتە هۆی پەرتكردنێكی گه‌وره‌ی كۆمەڵگە، ئەوەش سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان تێك دەدات و پێویستە بە زووترین كات ڕابگیرێت".



دەقی پەیامەکە

 
ساڵی تازه‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان، له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، له‌ گه‌لی عێراق و نوێنه‌رانی وڵاتان و هاوپه‌یمانان له‌ كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌ جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم له‌ ساڵی تازه‌دا كوردستان، عێراق و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی، ناخۆشی و سه‌ختییه‌كانی ساڵی ڕابردوو، په‌تای كۆڤید _ 19 و لێكه‌وته‌كانی جێبهێڵن و ساڵێكی پڕ له‌ ئارامی، خۆشی و سه‌قامگیری به‌ڕێ بكه‌ن و ژیان ئاسایی ببێته‌وه‌.

 
 
ساڵی ڕابردوو هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك هه‌موو جیهان كه‌وته‌ به‌ر لێكه‌وته‌ سه‌خته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دۆخێكی نه‌خوازراوی ته‌ندروستی، دارایی و ئابووریی سه‌خت، به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرت كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بارقورسییه‌كی زۆری خسته‌ سه‌ر شانی هاووڵاتییان. به‌ سه‌دان خانه‌واده‌ی كوردستان به‌هۆی په‌تاوه‌ ئازیزان و خۆشه‌ویستانیان له‌ ده‌ست دا، سه‌ره‌خۆشییان لێده‌كه‌م و هاوخه‌میانم.

 
 
به‌رله‌ كۆتاییی ساڵی 2020، لە پەرلەمانی عێراق هەڵسوكەوتی هێزە سیاسییە سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر سته‌مكارانه‌ بوو. سیاسەتێكی پڕ لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بوو به‌ ئامانجی پەكخستنی خزمەتگوزارییەكان و برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان. له‌ یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییدا، هه‌موو هه‌وڵێكیان دا و به‌ ناوی یاساوه‌ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان بە هەموو شێوەیەك لە مووچه‌ و شایسته‌ دارایییه‌كان بێبەش كرد.

 
 
ئەمە دژی گیانی هاوچارەنووسی و پێكەوەژیانه‌ و هەستنەكردنە بە هیچ بەرپرسیاریه‌تییەك بەرامبەر به‌ بەشێكی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و حكوومەتی فیدراڵ و هەموو دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق، نەدەبووایە ئەو نادادپەروەرییە بەرامبەر به‌ فەرمانبەران و مووچەخۆران و خەڵكی هەرێمی كوردستان قبووڵ بكەن. حكوومه‌تی عێراق ده‌بێ شایسته‌ دارایییه‌كانی ساڵی 2020ی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كانی پێشوو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، هه‌وره‌ها چاوه‌ڕێین نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هاوبه‌شانمان ڕۆڵی خۆیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا بگێڕن.

 
 
پشوودرێژیی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مانەوە بۆ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌ لە بەغدا و نه‌هێشتنی هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ ڕێكنه‌كه‌وتن، ئەوپەڕی نیازپاكی و ئامادەییی هەرێمی كوردستانه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامێكی باش و كرده‌یی لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی عێراقه‌وه‌ بۆ كەمترین مافە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان نییه‌!

 
 
ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئامادەیی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵكو سزادانی خەڵكی كوردستانە كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك یاسایی و ده‌ستووری نییه و ته‌نیا بە مەبەست و بڕیاری سیاسی ده‌كرێت. ئاماده‌یی و خواست و ویستمان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر و ڕێككه‌وتنێكی یه‌كجاره‌كی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ماف و شایسته‌كانی گه‌لی كوردستان و سه‌قامگیری بۆ ته‌واوی عێراق مسۆگه‌ر بكات.

 
 
لەسەر ئاستی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، بەداخەوە ناكۆكیی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییه‌كان بەردەوامە، باری ژیان و دەروونیی خەڵكی كوردستان بە شەڕێكی ئاستنزمی سۆشیاڵمیدیا خراپتر كراوە! زۆركردنی ئەو جیاوازییە سیاسییانە، هێزی سیاسیی هەرێمی كوردستان زۆر لاواز ده‌كات و دەبێتە هۆی پەرتكردنێكی گه‌وره‌ی كۆمەڵگە، ئەوەش سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان تێك دەدات و پێویستە بە زووترین كات ڕابگیرێت.

 




PM:03:35:31/12/2020