لە گوندێکی نزیک سەیدسادق، بۆمبێک بە ئاسایشدا دەتەقێتەوە

لە گوندی بەردەرەش لە سەر رێگای سەیدسادق- پێنجوێن بۆمبێک کە لەژێر ئاڵایەکی داعشدا چێنراوە بە هێزەکانی ئاسایشدا دەتەقێتەوە.

 


بەیانی ئەمڕۆ لە نێوان کاتژمێر ٩-١٠ ی بەیانی لە بەرزاییەکی نزیک گووندی بەردەڕەش کە دەکەوێتە سەر رێگای سەیدسادق- پێنجوێن، ئاڵایەکی داعش هەڵدەکرێت، کاتێک ژمارەیەک گەنجی گوندەکە دەچن بۆ نانخواردن لەو بەرزاییە، ئاڵاکە دەبین و هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەگەنە ناوچەکە ئاسایشێک دەیەوێت ئاڵاکەی داعش داگرێت، بۆمبێکی چێنراو بە ئاسایشەکەدا دەتەقێتەوەو برینداری دەکات.

 


گەنجەکانی ئەو گوندە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەیانی کاتێک ئەوان هاتوونەتە ئەوێ کەسیان لەشوێنی رووداوەکە نەبینییووە، تەنها ئاڵەکە نەبێت و ئەوانیش هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردۆتەوە.

 


تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو رووداوە بڵاونەکردۆتەوە کە رووداوەکە چۆن بووەو چەند ئاسایش بریندار بووەو گومان لە کێ دەکەن. 

 


PM:01:43:02/01/2021