ژمارەیەک پەرلەمانتاری كورد هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەدەن

ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد رایدەگەیەنن" هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەی دارایی دایە، پێویسته‌ نه‌وتی هه‌ریم راده‌ستی به‌غدا بكرێیت". 

له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا ١٠ په‌رله‌مانتاری هه‌رێمی كوردستان ئاماژەیان بەوەکردووە" هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەی دارایی دایە و تائێستایش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان-ەوە، هەنگاوی كرداریی نابینین بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێی‌ كۆمپانیای (سۆمۆ)ی عیراقیی و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لە بودجەی عیراق دا بۆ ساڵی 2021". 

هه‌روه‌ها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، كه‌ پێویسته‌ نه‌وتی هه‌ریم راده‌ستی به‌غدا بكرێیت بۆ تێبپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ ، لەپێناو زامنكردنی موچەی موچەخۆران و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم، وەكچۆن حكومەتی هەرێم ناتوانێت تەنانەت 60 رۆژ جارێكیش موچەی تەواوەتیی بداتە موچەخۆران

ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندوە" ئۆباڵی ئەم دۆخە ، له‌ئه‌ستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمه‌ ، ئەگەر بە كرداریی بڕی پێویستی نەوت رادەستی بەغداد نەكەن، بەرپرسیارێتیی هێزە بەشداربوەكانی نێو حكومەتی هەرێمە، لە ئاست گەورەیی ئەم قەیرانەدا ببن و كۆتایی بەم دۆخە كارەساتبارە بهێنن، تەنانەت ئەگەر بە كشاندنەوەیشیان بێت لەم كابینەیەی حكومەت". 

10 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ پێك هاتوون له‌ :

1- شیرین ئەمین.

2- هەڵز ئەحمەد.

3- دیاری ئەنوەر.

4- سیروان بابان.

5- عەلی حەمەساڵح.

6- شایان كاكە ساڵح.

7- ئاشنا عەبدوڵلا.

8- دابان محەمەد.

9- جەلال محەمەد.

10- مەم بورهان قانع

AM:09:45:20/01/2021