شاسوار عەبدولواحید: کاندیدمان دەبێت بۆ سەرۆکی هەرێم

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، سبەینێ قەوارەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمسیۆن تۆمار دەکەن و کاندیدیشیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەبێت.


ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی قەوارەی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ڕایگەیاند، سبەینێ قەوارەیەک لە کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار دەکەن.

وتیشی "لیستێک دروست دەکەن بۆ نەوەی نوێ و لە لیستەکەشدا کەسانی بەتەمەن و بە ئەزموون دەبن و هاوکاری گەنجان دەکەن".

شاسوار عەبدولواحید لەبارەی جیاوازی لیستەکەی لەگەڵ حزبەکانی دیکەدا وتی "حزبەکانی دیکە هەموویان لە یەک ڕەحمەوە لەدایکبوون و بەهەمان عەقڵیەت سیاسەت دەکەن بۆیە ئەوەی ئێمە دروستی دەکەین لە گەنجان و کەسانی بە ئەزموون و جیاواز دەبێت لە حزبەکانی پێشتر".

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە "ئەم حزبانەی ئێستا هەموویان بوون بەشێک لە قەیران و جورئەتی بڕیاردانیان نییە و پێویستمان بە حزبێکی ئازایە کە بتوانێت بڕیار بدات".

شاسوار لەبارەی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند "بەڵێ کاندیدمان دەبێت بۆ سەرۆکی هەرێم، بەڵام کاندیدەکە خۆم نابم، بەهۆی ئەوەی تەمەنم لەخوا 40ساڵەوەیە و ناتوانم کاندید بم".

بڕیارە ڕۆژی ١ى تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێم ئەنجام بدرێت و تا ئێستاش هیچ لایەنێک کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لە کۆمیسیۆن تۆکار نەکردووە



PM:09:23:17/09/2017