یەکێتی داوای لێکۆڵینەوە بەپەلە دەکات لە روداوەکەی کەرکوک

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەرووداوی تەقەكردنەكەی شەوی رابردووی دژەتیرۆری عێراق و شەهیدبونی هاوڵاتییەكی كورد راگەیاند.

رێبوار تەها، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی حوزەیران ئەنجامیدا ئاماژەی بەوەدا، "شەوی رابردوو بەهۆی تەقەی هەرەمەكیانەی چەند كارمەندێكی دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە هاووڵاتییەك گیانی لەدەستداو 3ی دیكەش برینداربوون، كە سەرجەمیان لەنەتەوەی كوردن.

 ئەو پەرلەمانتارە داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و تاڵب شغاتی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆرو معن سەعدی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی دووەمی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کرد، کە لیژنەیەكی باڵا پێكبهێنن بۆ لێكۆڵینەوە لەرووداوەكەو تاوانبارانیش بدەنە دادگا،

هاوکات داواشی لە داواکاری گشتیكەركوك کرد، کە رۆڵی خۆی ببینێت لەم پرسەدا، بەو پێیەی بابەتێكی هەستیارو مەترسیدارەو ناچێتە بەرژەوەندی ئاسایش و گشتییەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر لەروداوێكی هاوشێوەدا و لەكاتی ئاهەنگی لایەنگرانی یەكێتیدا تەقەی لەهاووڵاتیانی كورد كرا و بەهۆیەوە منداڵێك گیانی لەدەستداو باوكیشی برینداربوو، کە بە داخەوە دەبوایە ئیدارەی كەركوك قسەی لەسەر ئەم روداوە هەبوایە تاوەكو دوبارەنەكرایەتەوە، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئەم ساتە بەیاننامەیەكیش لەو بارەیەوە بڵاونەكراوەتەوە، ئەوەشی رویداوە دژی هاووڵاتیانی كەركوكە نەوەك تەنها پێكهاتەیەك.

شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە دەوروبەی کاتژمێر ٠٩:٠٠ گولە هاوەنێک ئاڕاستەی بارەگایەکی کۆنی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان كرا لەسەر ڕێگای کەرکوک هەولێر و لەگەڕەکی شۆراو ، کە ئێستا هێزی دژەتیرۆری عێراقی تێدایە.





PM:09:50:14/06/2018