زرت و زل و زەبەلاح

هونەر تۆفیق
نابێت ، ناشێت ، ناکرێت  کە هەر شتێک زرت و زل و زەبەلاح بێت ، مانای ئەوە بدات ئەو زلیە دەکاتە پیت و فەڕ و بەرەکەت  . 
لە سروشتدا چەندەها جۆر درەختی زل و زەبەلاح هەیە کەچی دەنکێک میوە بەرهەمی نیە خێربداتەوە . بۆیە پێگە و ڕۆڵ ، بە زلی و زەبەلاحی نیە ، بەڵکە بە بەروبەرەکەتەوەیە .

 
ئەم ڕێسایەی سروشت بۆ حیزب و مرۆڤیش هەمان یاسایە . تۆ حیزبێکی چەندە زرت و زل و زەبەلاح بیت کە خێر و بێرت بۆ خەڵک و نیشتمان نەبێت ، لەو دارە زلە دەچیت کە قەد و پەلوپۆت چەندە پەرش و بڵاوبێت بەقەد بنە سێوێک سوودت نیە .. تۆ وەک حیزب ، قەد و لق و پەل و حوکمت با سەرتاپاگیربێت ، ئەگەر کەمترین ئاستی کارەبا و ئاوت نەبێت لەو درەختە زڕە دەچیت بەقەد دەوەنێک پەرش و بڵاویت ، بەڵام لە بڕینەوەتدا نەبێت ( بۆ تەختە و دار ) بە زیندوویی  کەڵکی هیچیت پێوە نیە. لەو  لۆریەی سالە دەچیت کە ڕۆژێکیان بە پێچەوانەی یاسایی هاتووچۆوە بەرەو ژوور ڕووبەڕووم هات ، رێگاکەی لێ گرتم . هێشتا ئەو زیزبوو لەوەی کە دەبوو من لەبەرخاتری ئەو ڕاوەستم سەرباری سەرپێچیە یاساییەکەی توڕەبوو بەوەی ئەو لۆریەکی زرت و زل و زەبەلاحە بە ١٥ تۆن بارەوە چۆن دەبێت ڕاوەستێت . لە کاتێکدا سالە هەر ئیجازەی سایەقیشی نەبوو !! 

دەگێڕنەوە دوو خوشک ڕۆژانە دەچنە سەرکانی و لەوێوە بە گۆزەکانیانەوە ئاو دێننەوە بۆ ماڵەوە .. یەکێکیان گۆزەیەکی زەبلاحی پێ یە و هەموو ڕۆژێک پڕ بە گۆزەکەی ئاو دێنێتەوە ، ئەوی تریان گۆزەیەکی بچوکی شڕەی شەقبردووی پێ یە ، تادەگاتەوە ماڵەوە نیوەی لێدەچۆڕێت . پاش یەک دووساڵ لەم ئاو هێنانی گۆزەی سەرکانیە ، کچەی گۆزە زل بەدایکی دەڵێت من باشتر و شایستەترم لە خوشکەکەم چونکە بە گۆزەی گەورەی پڕ لەئاوەوە دێمەوە ، خوشکەکەشم هەمیشە بەو گۆزە شکاوەیەوە تا دەگاتەوە ماڵەوە نیوەی لێدەڕژێت .. دایک دێتە وەڵام دەڵێت : کچم ڕاستە تۆ گۆزەکەت گەورە و پڕە و هیچت لەبەر ناچۆڕێت ، بەڵام لەبیرت نەچێت ئەو گوڵ و گوڵزارەی سەر ڕێگا،  لەنێوان ماڵ و کانیەکەدا بە ئاوی چۆڕاوەی گۆزە شکاوەکەی خوشکەکەت بەرهەم هاتووە . ئەگەر ئەو لێچوون و لێڕژانەی گۆزەکەی ئەو نەبووایە ئەو هەموو گوڵە بەسەر ئەو ڕێگایەوە شین نەدەبوون . لەبەر ئەوە گۆزەی زرت و زل و زەبەلاح ئەگەر دوو چڵ گوڵی پێ ئاو نەدرێت مەرج نیە باشتربێ لەو گۆزە شکاوەی گوڵزارێکی بەسەر ڕێگاوە سەوزکردبێت !! 




18/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر