ئێوە سەیر و سەمەرەن، نەك پارتی

لوقمان غەفور
ئەوانەی رەخنە لەوەفدەكەی پارتی ئەگرن یان هیچ لەسیاسەت نازانن، یان بەجددی چاوان بە پارتی هەڵنایەت، چوونی وەفدەكەی پارتی بۆ بە غدا نە سەیرە، نە جێگەی تێڕامانە، ئێوە كە ڕەخنە دەگرن ئایا لەخۆتان پرسیوە (ئەرێ پارتی بۆ پەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە؟). بۆ من جێگەی تێڕامان نییە، چونكە ئەوان بۆیە بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و بە هەزاران دۆلاریان خەرجكردووە بۆئەوەی بچنە بەغدا پۆست و پلە و پایە وەرگرن.

ئەوكاتەش بۆ من جێگەی تێڕامان نەبوو كە پارتی بەشداری هەڵمەتی پرۆسەی هەڵبژاردنی كرد، چونكە دەمزانی ئەو بۆیە بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەكات بۆ ئەوەی سیحری ڕیفراندۆمەكە بۆ عەرەبی عیراقی بەتاڵ بكاتەوە و پێیان بڵێت:(ئەوە هیچ نەبوو كەف و كوڵێكی ئارتیفیشیەڵی كوردایەتی بوو!)، هەر واش بوو، هەر بۆیە بۆ من ڕیفراندۆم- یش شتێكی سەیر و جێی تێڕامان نەبوو، چونكە نەبووە خەڵك ڕیفراندۆم بۆ مەسەلەیەك بكات كە بە هەزاران كەسی بۆ بەختكردبێت و قوربانی بۆ دابێت! بەڵام بۆ من جێی تێڕامان بوو كە حزبێكی وەك یەكێتی ڕەدووی ڕیفراندۆمەكەی پارتی كەوتبوو، لەكاتێكدا هەموو یەكێتی ئەیزانی ریفراندۆكە بۆ سەربەخۆیی نییە، بۆ من هەڵوێستی گۆڕان جێگەی تێڕامان بوو كە بەدەنگێكی دلێر نەیتوانی بڵێت (نەخێر).

كەواتە ئەم هەموو هەڵایە لەسەر وەفدەكەی پارتی جگە لە دەبدەبەیەك هیچی دیكە نییە، هەرواش دەردەچێت، سبەی كە وەفدی یەكێتی-یش بەرەو بەغدا بەڕێكەوت، ئەو دەبدەبەیە فش ئەبێتەوە و لە زۆنی زەرد دەبدەبەیەكی تر فوی پێدا دەكرێت و دیسانەوە سەرگوزشتەی شانزەی ئۆكتۆبەر لێدەدرێتەوە، پاش هەردوو بالۆرەكە مەكتەبی سیاسی هەردوولا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئەڵێن، لەپێناو یەكڕیزی نێو ماڵە شەقوشڕەكەی كورد، ئەچینە بەغدا، بۆئەوەی لەرێی دەستوورەوە مافەكانتان بستێنین، جا دیقەت بدەن و پرسیارێك ئەكەم (ئەمانە هیچی تێڕامانی ئەوێت؟!).

ئەم بالۆرە و لێدوانانە زۆر كۆنە و لەكوردستان جێگەی تێڕامان نیین، ئەوەی تازە و جێگەی تێڕامانە ئەوەیە (ئایا بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێنج كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و چەند پۆستێك كە هەر لەئێستاوە چەند كەسێك واوەیلایانە بۆی و بەهانە بۆ نەبوونی بایكۆت لە پرۆسەی سیاسی عیراق دەهێننەوە، ئەیكات بە قوربانی چارەنووسی بزووتنەوەكەیی و دەنگدەرانی لەخۆی دوور ئەخاتەوە!؟).
لەكۆتا پەیڤەكانمدا دووبارەی دەكەمەوە، نەخێر پارتی سەیر و سەمەرە نییە، گۆڕان سەیر و سەمەرەیە، چەند كەسێك ئەبینم لە گۆڕان ئەڵێن (با بەشداری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكەین، بەڵام وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بین و نەچینە حكومەتی عیراقەوە)، ئاخر داماو جارێ تۆ چیت ئەدەنێ بە پێنج كورسییەوە لە حكومەت! دواتر تۆ ئەبیت بە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە كێ؟! ئەمیشیان هەر جێگەی تێڕامانە هەر لەئێستاوە كاكی گۆرانخوازم شینی ئەوەیەتی دوای ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران بكەوێت و پۆستێكی ئارتیفیشیەڵی چنگ كەوێت.


25/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر