له دنیای ئێمه‌شدا ئه‌گه‌ر كه‌میش بن زۆر كه‌م ، لێ به‌شی خۆی سهعلوكمان هه‌یه ، ئه‌وجۆره‌ی شێوه‌یه‌ك له دابڕان ، یاخی بوون ، دواتر په‌راوێزخستن و جێهێشتنی یه‌كجاری، راسته ئێمه حوسێن مهردانمان نیه ، به‌ڵام شاعیرێكی وه‌ك فاتیح عهزهدینمان هه‌یه، جاندهمۆمان نیه، ئه‌و پیاوه‌ی ڕۆژگارێك له لوبنان له بری پاره شیعری ده‌دا به خواردن و شوێنی خه‌وتن ، ئه‌و شیعرانه‌ی خاوه‌ن هۆتێله لوبنانیه‌كه وه‌ك پاره وه‌ریگرتون ، به‌ڵام حه‌مه عومه‌رمان هه‌بوو، راستی جاندهمۆش وێڕای سریانی بونه‌كه‌ی، به‌ڵام كهرككوی و كوردستانی بوو كه‌واته له‌سه‌ر ئێمه حسابه ، زۆربه‌ی دۆسته‌كانیشی كورد بوونه، ئێمه كه‌سێكی ئه‌وتۆ هونه‌رمه‌ند یان نوسه‌رو شاعیرێكمان نیه شه‌وان له سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌رده‌كان بدۆزێته‌وه تا چرای قه‌د دارتێله‌كان بشكێنێ ، بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی سروشت له ته‌ك تاریكی‌دا ،به‌ڵام ڕه‌نگه هێمنی شاعیر سه‌دان شه‌و شه‌قی له‌ورده به‌رده‌كانی سه‌ره‌ڕێ هه‌ڵدابێت به‌یادی ئه‌و شهقانهوه كه زه‌مه‌ن له كوردی هه‌ڵداون .
حه‌مه ناشاد به جۆرێك ژیا ژیان نه‌بوو، به بێده‌نگیش چوو، یه‌ك دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له توتنه‌كه چوومه لای ، كاك سه‌ردار فه‌تاحی نوسه‌رو خه‌مخۆری وشه‌و خاوه‌نی تاراوگه له هۆڵه‌نداوه په‌یوه‌ندی كرد وتی یه‌ك دوو تابلۆی لێبكڕه، پاره‌كه ده‌نێرم ، بیرمه یان چوار سه‌ت هه‌زار بوو یان پێنجسه‌ت ناردی نه‌مانویست هه‌روا بیده‌ینێ ، ویستمان بزانێ كه نرخی هونه‌ره‌كه‌ی ده‌زانین، من پێشتر شتێكی بچوكم له سه‌ر نووسیبوو، چووم سێ تابلۆم لێكڕی به‌و پاره‌یه، دانه‌یه‌كیانم برد بۆ رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ ، دانه‌یه‌ك بۆ كتێبخانه‌و یه‌كێكیشیان هێشتان له كتێبخانه‌كه‌ی خۆمدایه، ناشاد زۆر به‌و كاره دلخۆش بوو له‌وێدا خۆزگه‌م خواست كه ئیدی كاره‌كانی ببنه هۆی ژیان و مانی ، لێ كه‌وته خانه‌ی به‌ساڵاچووان و دوێنێ به بێده‌نگی جێی هێشتین ، كه هه‌واڵی مهرگهكهیم خوێنده‌وه كۆڵێ ئازارم چه‌شت، ئاخر له‌و دنیا شێواوه‌ی ئێمه‌دا كه هیچی به سه‌ر هیچه‌وه نه‌ماوه، ئێمه عه‌وداڵی شتێكین كه‌مێك دڵمان خۆشبكات نه‌ك هه‌واڵی ناخۆش، ناخۆشی زۆر‌و زه‌وه‌نده، ئه‌وه‌ی ده‌گمه‌نه خۆشیه.
حه‌مه ناشاد چوو، نازانم سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی له تایبۆو سكێچ و فڵچه‌و جل و به‌رگه شیتاڵهكهی ئێستا له كوێن و چیان به‌سه‌ردێت بۆیه هیوام وایه پارێزگاری سلێمانی كه خۆی نوسه‌رو هونه‌ردۆست و ڕۆژنامه‌وانه مشوری كۆكردنه‌وه‌ی شته‌كانی بخوات و كونجێكی ئه‌م شاره حه‌یات و ماندوه‌ی پێ ڕه‌وا ببینێت ، لێره به دواشه‌وه ئێمه‌ش ده‌ڵێین هونهرمهندێكان هه‌بوو به ناوی ناشاد، كه ده‌شێت ئێستا له كونجێكی دنیایه‌كی تردا وێنه‌یه‌كی شهبابهكهی سلێمانی بكێشێت، خوات له‌گه‌ڵ ناشاد گیان دڵی هه‌موومانت ئازاردا .