میدیاو ئاکار

لەتیف فاتیح
دەمێکە سەیر هەواڵی کەناڵە کوردیەکان ناکەم ،لەبەر ئەوەی هەموو ، یان هەرەزۆری کەناڵەکان کەناڵی حزبن، کەناڵە حزبیەکانیش هەریەکەو گۆرانی بەباڵای لەیلای خۆیاندا هەڵدەڵێن و کورد واتەنی کەسیشیان بەدۆی خۆیان ناڵێن ترشە،بەڕێکەوت لەشوێنێک بەدیار هەواڵەکانی کەناڵێکی کوردیەوە دانیشتم کەخۆی زۆر پێ گرنگ و زەبەلاحە، پێشکەشکارێک کەزیاتر بۆ کۆمیدیای ڕوکەشانە دەشێت نەک کۆمیدیای ئەرێنی، چەند هەواڵێکی خوێندەوە، هەواڵی یەکەمی بایەخدان بوو بەقسەیەکی ئەردۆغان گوایە هەڕەشەی لەسلێمانی و یەکێتی کردوە، ناوەڕۆکی هەواڵەکە بەجۆرێک بوو کە ئەردۆغان دەیەوێت سلێمانیش بەدەردی هەولێرو دهۆک بەرێت، سەیر لەوەدابوو وێنەی ڕاگەیاندنی هەواڵەکە کە هەڕەشەی دیکتاتۆرێک بوو لەشارێکی هەرێمی کوردستان، نیشاندانی ئەو دیکتاتۆرە بوو کەتەوقە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، من هەموو لێکدانەوەکان بۆ کەسانی شارەزا بەجێدەهێڵم، بەڵام شەرمێکی گەورەیە بۆ ئەوکەناڵە کەبەوجۆرە کورد بچوک و بێ بوون و شکۆ نیشانبدات، هەواڵی دوەمیش ڕێگریکردن بوو لەخۆپیشاندان بۆ ئازادی ئاپۆ ئەو سەرکردە جوامێرەی۲٥ساڵ پترە لەزیندانی هیتلەری ئاسیادایەو دنیا لەبەرانبەری بێدەنگە، دیسان ئەم هەواڵەش وەک دەسکەوتێک خوێندرایەوە،لێرەدا شیکردنەوە بۆ هەواڵەکان و چۆنێتی ڕاگەیاندنەکەیان ناکەم، بەڵام گرنگە ئەم شێوە داڕشتنی هەواڵەلەگەڵ بوونی ئاکاری هەواڵی و بایەخی هەواڵی لێکبدرێتەوە.

میدیای ئەمڕۆ ڕۆڵێکی گەورە لەبونیادنانی مرۆڤی خۆخاوەن و بوێردا دەبینێت، میدیای ئەمەریکی ، تەنانەت فیلمی ئەمەریکیش بەردەوام وێنەی ئەمەریکیەک نیشادەدات کەدەتوانێت ڕێنیشاندەرو ڕابەری هەموو ئەوانی تر بێت، ئەو دۆخێک دروستدەکات کە ئەوانی تر نەک هەر پێی سەرسام بن، بگرە خۆزگە بخوازن وەک ئەوان بن، ئەمە کاری ڕۆژو دوان نیەو بەبەرنامە ئیشی لەسەر کراوە، بەراوردی ئەم میدیایە بەمیدیاکوردیەکە مرۆڤ توشی سەراسیمەی دەکات، ئاخر میدیا کوردیەکە مرۆڤی کورد وەک جاش و ئەڵقە لەگوێ نیشاندەدات و دەیەوێ بڵێت کورد هیچ نیە، بێ پاڵپشتی ئەوانی تر، ئەوە لەکاتێکا کورد زیاتر لەسەت ساڵە شەڕی چوار وڵات دەکات کەوڵاتەکان وێڕای جیاوازی چەک و چۆڵی خۆیان بەچەکی کورد، یەک دوانێکیشیان بەتەنێ نین، بۆ نمونە تورکیا هەموو ناتۆی لەگەڵەو بەچەکی ناتۆش قڕی کورد دەکات، عێراق و سوریاش پاڵپشتی عەرەبی و ئیسلامیان هەیە، ئەو میدیا بچوکەی کورد چاوی ئەو هەموو ئازایەتیە نابینێت و دێت وێنەیەکی لارە ملی کوردنیشان دەدات، ئیدی ئەو میدیایە جگە لەمیدیایەکی جاشانە هیچ ڕۆڵێکی تری نیە.

لەڕاستیدا هەواڵەکانی ئەو میدیایە، یان ڕوونتر ئەو دووهەواڵەی ئەوکەناڵەکەمن بینیم وئیتر سەیرم نەکرد، ئەوەندەی وەک کەناڵە حکومەتیەکانی تەرەتە دەرکەوت، وەک کەناڵێکی کوردی دەرنەکەوت، هەڵبەت تەرەتە هەرە ئاستنزم و سەربازیەکەش، بۆیەسەیر کردنی ئەو کەناڵەو هاوشێوەکانی ئەگەر بەزمانی کوردیش بن هێندەی لەکەناڵی حەسەن خەیریەکان دەچن هێندە لەکەناڵی کوردی عەگید ناچن، کوردی عەگید، ئەو کوردەیە کە ئەگەر بستە خاکێکیشی بەدەستەوە بمێنێت، نایەوێت مل بۆ دووژمن شۆڕ بکات.

16/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر