کورد و کۆنگرەی پاریس شەریف پاشاو داوای دەوڵەتی کوردستان

سالار مه‌حمود
لە مام جەلالم  گوێ لێ بوو ساڵی ٢٠٠٧ لە قەڵاچۆلان وتی: سەرکردەکانی پێشووی کورد ھیچیان لە سەرکردەکانی ئێستا کە شۆڕشمان کردو رژێمی عیراقمان روخاندو ھەرێمی کوردستان دامەزرا کەمتواناتر نەبوون، بەڵام ھەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی یارمەتیدەریان نەبوو بۆ سەرکەوتن.
لەم قسەیەوە دەچمە سەر وردەکاری کۆنگرەی ئاشتی پاریس لە ساڵی ١٩١٩ تایبەت بە کوردو کوردستان.
لەو کۆنگرەیەدا وەفدی کورد بەسەرۆکایەتی شەریف پاشای خەندان بەشدار دەبێت. 
لەناو ٣٢ دەوڵەت و کیانی سیاسی و نوێنەرانی گەلان، وەفدی کوردستان بەشداربویەکی نا فەرمی بوون لایەنە سیاسی و عەشایەری ئەو سەردەمەی کورد، شەریف پاشایان وەک نوێنەری خۆیان بەھاوڕێیەتی چەن کەسێکی تر دیاریکردبوو بۆ بەشداری کردن.
تورکیا سەرباری نالەباری و بیماری ئەو دەمی خۆی، ھەر ھەوڵی زۆری دابوو کورد بەشدار نەبێت.
بەریتانیاو فرەنساش وەفدی کوردیان بەگران لەسەر دڵ و دەروونی خۆیان و کۆنگرەکە زانیوە.
ئەو دەوڵەتانە دەیانویست بەویست و بەرژەوەندی خۆیان، سەودا بە خاک و پێگەی کوردەوە بکەن بەبێ ئامادەبوونی خۆیان، ھەر واشیان کرد.
وەفدی کوردستان و وەفدی ئەرمەن ھەوڵی ھەماھەنگی و ھاودەنگیان دابوو لەنێوان خۆیانداو کردبوویان.
سەرەتا بەریتانیاو فرەنسا بیرۆکەی دابەشکردنی کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا گەڵالە کردبوو.
ئەم خاڵە زۆر گرنگە کە بزانرێت بەر لە ھەر لایەک بەریتانیاو فرەنسا کوردستانیان بەپێی بەرژەوەندی ھاوبەشی خۆیان بەش کردوە ئینجا دامەزراندنی دەوڵەتە نوێکانی وک عیراق و تورکیا بڕیار لێ دەدەن!.
شەریف پاشا بەر لەو وادەیەش زۆر ھەوڵی داوە ئینگلیزەکان ببینێ و بڕوایان پێ بھێنێ بۆ پاڵپشتی و بۆ چوونە پاڵ داخوازیەکانی کورد لەو سەردەمە.
دیکۆمێنتی گرنگ ئەو راگەیەنراوە ھاوبەشەی کوردو ئەرمەن بوو کە داوا دەکەن بەپێی بنەماکانی مافی گەلان سەربەخۆیی بۆ کوردستان و ئەرمینا بڕیار لێ بدەن.
وەفدی کوردستان دوو یاداشتنامەی چاپکراویان پێشکەشی کۆنگرەکە کردوە. بەتایبەتیش جۆرج کلیمنسۆ کە وەک خانەخوێ سەرۆکایەتی کۆنگرەکەی کردوە. 
داواکراوە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێ بۆ دیاریکردنی نەخشەی دەوڵەتی کوردستان.  بەپشت بەستن پە پرەنسیپی چەسپاندنی مافی گەلان.
لە کۆنگرەکەدا ھاوسۆزیەکی زیاتر بۆ داخوازی ئەرمەن بەھۆی ئاینەکەیانەوە لەلایەن ئەورپاو ھەست پێ کراوە، بەڵام وەفدی کوردستان ئەو ھاوسۆزیەیان ھەست پێ نەکردوە.
مەبەست لەم کورتە نوسینە ئەوەیە سەد ساڵ لەمەو بەرو پێشتریش کورد لە کاروانی بەدیھێنانی سەربەخۆییدا ھەوڵی زۆری داوە بەڵام ھێشتا کلیلی ئەو قوفڵەی دەست نەکەوتوە گرێکە بکاتەوە.
نابێت ھەرگیز ئەو خاڵە فەرامۆش بکرێ کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کوردستانیان داوە بە تورکیاو عیراق نەک ئەوان تاک لایەنە لەکاتی خۆیدا دەستیان بەسەریدا گرتبێت.

27/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر