ساڵی 2006لەبارەی مالیكیەوە چیم بە تاڵەبانی و بارزانی وت

ئیسماعیل حەمە رەحیم
من بۆخۆم بڕوام بەو بۆچونە هەیە كەدەڵێ مێّژوو دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كە روداوەكان ئەوەندە خێران كەسە ژیر و بەئاگاكانیش خەریكە فریای نوسینەوەی روداوەكان ناكەون، ساڵی 2006 بوو ئەوكاتەش هەروەك ئەم ساڵ عیراق توشی قەیرانی ئەمنی و سیاسی بووبوو، كەس نەیدەزانی رێرەوی عیراق بەكوێ‌ دەگات لەلایەك سەدریەكان و لەلایەك سونە مەزهەبەكانی رومادی و فەلوجە لە حكومەت و سوپای ئەمریكا هەڵگەڕابونەوەو لەهەمانكاتدا ئاغای ئیبراهیم جەعفەری كە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو لەپاش عەلاوی هاتبویە سەر حوكم بەتوندی روبەروی داواكارییەكانی كورد دەوەستایەوە، ئەمەش وایكرد كەكورد جارێكی دیكە ماڵی خۆی رێكخاتەوەو یەك هەڵوێستی خۆیان دەربڕن و ئەم هەڵوێستەش بدەنە ئەمریكا، هەڵوێستەكەش ئەوەبوو پێویستە جەعفەری لاببرێت، چونكە هەریەكە لە سونەی عیراق و كوردی پشتگوێ‌ خستووە. گێڕانەوەی روداوی هەشت ساڵ بەرلە ئێستا زۆر سەخت نییەو هەموو هاوڵاتییەك كەروداوەكانی ئەو ساڵانەی دیبێت دەتوانێت روداوەكان وەك خۆی بۆ نەوەی ئێستا بگێرێتەوە. لەبیرم دێت رۆژنامەكانی كوردستانی نوێ و خەبات رۆژانە مارشێتەكانیان دژی سەرۆك وەزیران ئاغای جەعفەری دەهۆندەوە، ئەو دوو رۆژنامەیە وتە دژبەكوردەكانی جەعفەریان دەخستە نێو ئیقتیباسەوەو وتارو راپۆرتیان لەسەر دەكرد. ئەمەش هەمووی بۆ كۆكردنەوەی دەنگی نارەزایی هاوڵاتیان حزبەكانی دیكەبوو، كارگەشتە ئەوەی كورد بڕیاری خۆی بدات لەدژی جەعفەری و لەرۆژێكی باراناوی سەرەتای مانگی نیسانی 2006 هەریەكە لە مام جەلال و مەسعود بارزانی لە هاوینە هەواری دووكان كۆبونەوەو كۆبونەوەكە بەبیرم دێت زیاتر لە دووسەعاتی خایاند، پاشان هەردوو بەرێز تاڵەبانی و بارزانی هاتنەدەرەوەی هۆڵی كۆبونەوەكە و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان بۆ رێكخرا، بەندەش وەك رۆژنامەوانێك ئامادەی ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە بووم، پاشئەوەی هەریەكە لەبارزانی و تاڵەبانی رای خۆیان لەبارەی جەعفەری خستەڕوو، وەجەختیان لەسەر رۆشتن و دورخستنەوەی جەعفەری كردەوە، لەپۆستی سەرۆك وەزیری عیراق و دانانی كەسێكی دیكە لەحزبی دەعوە بەناوی( نوری مالیكی) كەتائەوكاتە ناو و ناوبانگی نەبوو، دوواتر مۆڵەتدرایە ئێمە كە پرسیارەكانمان بكەین، بەندە دەستم بڵند كردوو مام مۆڵەتی پێدام كە پرسیارەكەم بكەم وتم" بەرێزان جەنابی مام جەلال و كاك مەسعود لەماوەی رابردودا ئیبراهیم جەعفەری كێشەو گرفتی زۆری بۆ داواكاری و مافەكانی كورد دروستكرد، زەمان چییە كە ئەم كابرایەی دیكەش هاوشێوەی جەعفەری كێشە بۆ كورد دروستناكات و دووبارە ئاستەنگ بۆ داواكانی كورد داناننێت. ناكرێت كورد لەگەڵ حزب و لایەن و مەزهەبێكی دیكە هاوپەیمانی ببەستێت بۆ بەدیهێنانی مافەكانی...." وەڵامەكەم لەلایەن مام جەلالەوە درایەوە و وتی" زەمان ئەوەیە ئەم كەسایەتییەی دیكەی حزبی دەعووە (نوری مالیكی) هەموو شتێكمان لەگەڵدا یەكلایی كردۆتەوەو خاڵمان لەسەر پیت بۆ داناوە و پاشان ناتوانین لەم قۆناغەدا هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی دیكەدا ببەستین.
ئێستا كە نوری مالیكی هاوشێوەی جەعفەری بەفشار و رەتكردنەوەی كورد لابرا و مالیكی هەمان رێچكەی جەعفەری هەڵگرت لەبەرامبەر كورددا، ئێستاش كورد جارێك دیكە پشتیوانی لە حەیدەر عەبادی دەكات لەناو حزبی دەعوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، جارێكی دیكە پرسیارەكە دووبارە دەكەینەوە كێ‌ دەڵێت حەیدەری رێچكەی براكانی لە حزبی دەعوە ناگرێتەوە؟ چونكە لەماوەی رابردودا ئاغای حەیدەری ئەندازیاری جێبەجێكردن و راوێژكاری هەریەكە لە جەعفەری و مالیكی بووە.


15/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر