داوای پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم (247/ فیدراڵی/ 2023)

د.یوسف محەمەد سادق
دەسەڵاتدارانی هەرێم لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە لەڕێی دەرکردنی چەند بڕیار و رێنماییەکەوە  بەشێوەیەکی نارەوا پلە بەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمیان راگرت و، لەو کاتەوە بە بەردەوامی تا بە ئەمڕۆ واتە پاش زیاتر لە هەشت ساڵ درێژە بەو کارە ناڕەوایە ئەدەن. ئەمەش بوەتە هۆی زیانێکی گەورە لە فەرمانبەرانی هەرێم و، سەرەڕای پاشەکەوتی زۆرەملێ و لێبڕینی موچە لە ساڵەکانی رابردو، وەستاندنی پلەبەرزکردنەوە لێبڕینێکی بەردەوام و مانگانەیە لە موچەی فەرمانبەران. ھەڵبەت وەستاندنی پلەبەرزکردنەوەوە کاریگەری لەسەر موچەی خانەنشینیش دروست ئەکات چونکە دیاری کردنی موچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای دوا موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر ئەبێت.

وەستاندنی پلەبەرزکردنەوە پێچەوانە و پێشێلی مادەکانی (٦، ٧، ٨، ٩)ی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەموار کراوە کە لە هەرێمی کوردستان پاش دەرچونی راستەوخۆ جێبەجێ کرا بەبێ ئەوەی یاسای جێبەجێ کردنی لە پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ دەربچوێندرێ. هەر بۆیەش پاش سەرکەوتنی داوای خانەنشینانی هەرێم ژمارە (٢١٢/ فیدراڵی/ ٢٠٢٢)(١) ، بڕیارمان دا داوایەکیش بۆ چارەسەری پرسی پلەبەرزکردنەوە ئامادە بکەین. پاش لێکۆڵینەوەی وردی پرسەکە و ئامادەکردنی بەڵگەکان، یەکەم ڕەشنوسی داواکەمان لە (٢٤- ٤- ٢٠٢٣) نوسی و، بە هاوکاریی هاوڕێیەکی ئازیزی یاساناسم چەند جار پیاچونەوەمان بۆ کرد و، لەگەڵ هاوڕێیانی تریشمان تاوتوێمان کرد.

لەو کاتەی ئێمە خەریکی باس کردنی داواکە بوین لەگەڵ فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی و بەدوای پارێزەرێک دا ئەگەڕاین کە داواکە تۆمار بکات، سەرنجمان دا داوایەک لەسەر هەمان پرس بە ژمارە (١٣٤/ فیدراڵی/ ٢٠٢٣) لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرا کە تیایدا داوا کرا بو دادگا حوکم بدات بە نادەستوری بونی بڕیاری داوالەسەرکراوی یەکەم سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ وەستاندنی پلەبەرزکردنەوە و ناڕاست بونی رێوشوێنەکانی داوالەسەرکراوی دوەم وەزیری دارایی هەرێم لەم روەوە و، یەکەم دایشتنی دادبینی بۆ داواکە لە (١٤- ٨- ٢٠٢٣) ئەنجام درا. ئێمە ئەمانزانی کە داواکە بەو شێوەیە هەڵەیە و رەد ئەکرێتەوە. سەرەنجام دادگای باڵای فیدڕاڵی لە (١٠- ٩- ٢٠٢٣) دوا بڕیاری خۆی لەسەر داواکە دا و بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد بو لە ماوەیەکی کەم دا داواکەی بە کۆی دەنگی دادوەرەکانی رەد کردەوە(٢). ئەمە ئەرکی ئێمەی قورستر کرد، چونکە ئێستا پێشینەیەکی دادوەریی نێگەتیڤ سەبارەت بە پرسی پلەبەرز کردنەوە هەیە. بەڵام بڕیارماندا کە هەوڵی خۆمان بدەین بۆ راست کردنەوەی ئەو بابەتە، بەتایبەت کە داواکەی ئێمە بە شێوازێکی تەواو جیاواز ئامادە کرابو. ئەوان داواکەیان لەسەر بنەمای بەندی یەکەم لە مادەی ٩٣ی دەستور پێشکەش کرد بو کەلەم دۆسییەیەدا ھەڵەیە، بەڵام ئێمە بە پشت بەستن بە بەندی سێیەمی مادەی ٩٣ی دەستور داواکەمان ئامادە کرد کە باس لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی ئەکات لە یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی لە جێبەجێ کردنی یاسایەکی فیدراڵی دێنە ئاراوە، ھەروەھا پشتمان بەست بو بە بەندی دو لە مادەی (٢٥) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە ئاماژە بە مەرجەکانی ئەم جۆرە داوایانە ئەکات کە: (دەبێت دەق یان کردارەکە لە یەکێک لەو دەسەڵاتە فیدڕاڵییانەوە دەرچوبێت کە لە مادەی ٤٧ی دەستور دا باس کراون).

لەسەرتای مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو پەیوەندیمان کرد بە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و ژمارەیەکیان بون بە داواکار لە داواکەدا کە ئەم بەڕێزانەن: (١. ئەژی برزان عارف، ٢. محمد حسین کریم، ٣. خەبات لطيف مارف، ٤. نجم الدين محمد صالح كريم، ٥. دلاوەر علي محمد صالح، ٦. ئاوات ازاد محمد تال، ٧. دلشاد محمدامین سعید، ٨. سامان علي صالح، ٩. ريبوار باهر احمد) (ھەڵبەت ژمارەیەکی زۆری مامۆستایانی نارازیش لە دانیشتنەکانی دادگا ئامادە بون). بەڕێز دکتۆر غالب محەمەد عەلیش پەیوەندیی کرد بە پارێزەرەکەی خۆی بەڕێز (کاروان شەهاب ئەحمەد) بۆ ئەوەی ئەرکی پارێزەریی دۆسیەکە لە ئەستۆ بگرێت. سەرەنجام لە (٥- ١٠- ٢٠٢٣) داواکە بە ژمارە (٢٤٧/ فیدراڵی/ ٢٠٢٣) تۆمار کرا. لە داواکەدا داوامان کرد بو کە دادگا حوکم بدات بە پابەند کردنی هەر دو داوالەسەر کراو سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم بە جێبەجێ کردنی دروستی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەموار کراوی فیدڕاڵی بەتەواوی و بەتایبەت مادەکانی (٦، ٧، ٨، ٩)ی یاساکە و، هەژمار کردنی سەرجەم بڕیار و رێنماییەکانی پەیوەست بە وەستاندنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بە نەبو (معدوم) لەبەرئەوەی لە لایەن کەسانێکەوە دەرکراون کە دەسەڵاتی ئەوەیان نییە.

یەکەم دانیشتنی دادبینیی دۆسیەکە لە (٢٦- ١١- ٢٠٢٣) ئەنجام درا و تا رۆژی (٢٥- ٢- ٢٠٢٤) چوار دانیشتنی دانیشتنی دادبینیی تێدا ئەنجام درا و، لە دوا دانیشتن دادگای باڵای فیدڕاڵی رۆژی (١٧- ٣- ٢٠٢٤)ی دیاری کرد بۆ بڕیاردان. بەڵام لە داانیشتنی پێشودا تێبینیی ئەوەمان کرد کە سەرۆکی دادگا ئاماژەی بەوە کرد کە لە بڕیاری پێشویان سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم ژمارە (٢٢٤ و ٢٦٩/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣) ئاماژەیان بۆ ئەوە کردوە کە پێویستە یەکسانی لە نێوان سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق ھەبێت لە روی کاتی دابەش کردنی موچە و بڕی موچەکە(٣)، کەواتە ئیتر داواکەی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەوە جێبەجێ بوە.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆتا بڕیاری خۆی لە دۆسییەکە راگەیاند و بە زۆرینەی دادوەرەکانی داواکەی رەد کردەوە «لەبەر نەبونی تایبەتمەندی». ھەرچەندە پێویستە چاوەڕێی بڵاوبونەوەی کۆی بڕیارەکە بین، بەڵام جێی تێڕامانە کە چۆن دادگا چوار دانیشتنی دادبینیی لەم دۆسییەیەدا کردوە، بەڵام دواتر زۆرینەی دادوەرەکانی بڕیار ئەدەن کە دۆسییەکە لە تایبەتماندییان نییە؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند بڕیارێکی تردا، ئەم دادگایە بڕیاری داوە بە پابەند کردنی دەسەڵاتە جیاوازەکان بە جێبەجێ کردنی دروستی دەستور و یاسا وبڕیارە دروست و کارپێکراوەکان، وەک ھەر دو بڕیاری (١٦٤/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣) و (١٩٠/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣)(٤).
 
ئێستا ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ راست کردنەوەی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم و گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوەوە کە بەھۆی وەستاندنییەوە بەپێی بەدواداچونێکی درەو میدیا نزیکەی شەش ترلیۆن دینار زیان بەر فەرمانبەرانی ھەرێم کەوتوە(٥) و، هەر زیادکردنێکیش لە بڕی پارەی پێویست بۆ موچەی هەرێم ببەستنەوە بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگا لەم بارەیەوە. بەتایبەت کە ئێستا ئیتر وا پرسی دابین کردنی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم ئەبێتە ئیلتیزامێکی حکومەتی فیدڕاڵی. ئەمە بۆ خانەنشینانیش هەر راستە، جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگا ژمارە (٢١٢/ فیدراڵی/ ٢٠٢٢) بەڵگەیەکی دەستوری و یاساییە هەم بۆ گێڕانەوەی مافی خانەنشینانی هەرێم هەمیش بۆ پاساودانی هەر زیاد بونێک لە بڕی موچەی خانەنشینانی هەرێم. دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەدان کە بۆ جارێکیش بێ قوتی خەڵک نەکەنە قوربانی ململانێ سیاسییەکانی خۆیان و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بکەنە دەرفەتێک بۆ بوژاندنەوەی ژیانی خەڵک و بەگەڕ کەوتنەوەی رەورەوەی ئابوریی ھەرێم.

جیی ئاماژەیە کە ھەر ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی دو داوای پەرلەمانتار باسم خەشانی ھەر لە یەکەم دانیشتنی دادبینی رەد کردەوە کە لەسەر ھەر یەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماری کرد بو.

17/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر